وەزارەتی تەندروستی: ئەمساڵ 87 حاڵەتی ئایدز تۆماركراوە، 64 حالەتی بیانییە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  13 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە 11 مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 600 تێستی پشکنینی تاقیگەیی بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوە و تەنها 87 حالەتی نوێ دەستنیشان کراوە کە تیایدا 64 حالەتی بیانی و هاوڵاتییانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و 23 حالەتی هاوڵاتی و دانیشتوی ناو هەرێمی کوردستانن.

وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لە دەرەنجامی پشکنینەکانی 11 مانگی ئەمساڵدا، تەنها 87 حالەتی نوێ دەستنیشان کراوە کە تیایدا 64 حالەتی بیانی و هاوڵاتییانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و 23 حالەتی هاوڵاتی و دانیشتوی ناو هەرێمی کوردستانن و کاری پێویست بەرامبەریان ئەنجام دراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەمو حالەتەکانی نوێ و ساڵانی ڕابردوی دانیشتوی هەرێمیش لەژێر چاودێریی تەندروستی و خۆپارێزیدان کە ژمارەی تێکڕای هەمو ساڵەکان 150 حالەتی هەڵگری ڤایرۆسی HIV ئەیدزن و بەردەوام پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاریی تەندروستییان پێ دەدرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە،  لە ماوەی 11 مانگی ڕابردو، تەنها لە کەرتی گشتی، نزیکەی 609 هەزار و 306  تێستی پشکنینی تاقیگەیی خوێن لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوە، بەتایبەتی بۆ هەمو کەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێ بون.

1ـی (كانونی یەكەم/12)ـی هەمو ساڵێك بە "ڕۆژی جیهانیی ئەیدز" دەستیشانكراوە و لە جیهاندا زیاتر لە 40 ملیۆن مرۆڤ ڤایرۆسی کەمیی بەرگریی لەش (ئەیدز) HIV یان هەیە و ساڵانە نزیکە یەک ملیۆن کەس دەمرن و زیاتر لە دو ملیۆن کەسی دیکەش وەک توشبوی نوێ دەبنە قوربانی و تائێستا چارەسەری بنبڕکەری ئەیدز نییە. 

ئەیدز نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی درمە واتا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە بەهۆی ڕێگاکانی خوێن یان سێکس یان دایک بۆ کۆرپە یان هەر بەرکەوتەیەکی ڕاستەوخۆی خوێن و دەردراوەکانی دیکەی توشبو.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە