خەرجیەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە فەیسبوک پێنج ملیار دیناری تێپەڕاندووە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  142 جار خوێنراوەتەوە

تۆڕی دیجیتاڵی عێراقی (DIN) بەرزبوونەوەی بەرچاوی خەرجییەکانی ڕیکلامی سیاسی لە ماوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2025ی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کرد.

دووپاتیکردەوە  کۆی خەرجییەکانی ڕێکلام تەنها لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک 5 ملیار دیناری عێراقی تێپەڕاندووە، ئەمەش بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی 2021 بە ڕێژەی 500% زیادیکردووە.

لە بەیاننامەیەکدا، تۆڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی گۆڕانی فەیسبووکن بۆ گۆڕەپانێکی ناوەندی بۆ کێبڕکێی سیاسی، بەو پێیەی ئێستا بانگەشەکانی هەڵبژاردن پشتی پێدەبەستن وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ داڕشتنی گوتاری گشتی و بە ئامانجگرتنی دەنگدەران.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەغدا بە زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دینار لە پێشەنگی لیستی خەرجکاران بووە، کە لە نێوان پەیجی پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دابەشکراوە کە ئەجێندای سیاسیی هەمەجۆریان گرتەبەر.

پارێزگاری نەینەوا پلەی دووەمی بەدەستهێنا بە خەرجی مەزەندەکراوی نیو ملیار دینار، لە پلەی دووەمیشدا سلێمانی دێت بە نزیکەی 340 ملیۆن دینار، پاشان هەولێر بە نزیکەیی هەمان بڕە پارە.

ذیقار بە 320 ملیۆن دینار پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا. هەڵەبجە کەمترین خەرجی بەخۆیەوە بینی، خەرجی ڕیکلامی سیاسی لە 16 ملیۆن دینار زیاتر نەبوو.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە خەرجییەکانی ڕێکلام تەنانەت لە ماوەی بێدەنگی فەرمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەردەوام بووە. تۆڕەکە ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنە گشتییەکان چاودێری بەردەوامی بڵاوکردنەوەی ڕێکلامە سیاسییەکانی کرد، کە کۆی خەرجییەکانی لە سەرتاسەری عێراقدا ١٦٠ ملیۆن دیناری تێپەڕاند.

زۆربەی ئەم ڕیکلامانە بانگەشەیان بۆ پۆستە کۆنەکان دەکرد کە بۆ پاراستنی کاریگەری لەسەر دەنگدەران چالاک دەکرانەوە.

بەپێی داتاکانی تۆڕەکە، ژمارەی بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە عێراق گەیشتووەتە نزیکەی ٢١.٥ ملیۆن بەکارهێنەر، کە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەکارهێنەر زیادیکردووە. ئەمەش وایکرد پلاتفۆرمی دیجیتاڵی کاریگەرتر بێت لە داڕشتنی دیمەنی هەڵبژاردنەکاندا.

لە ڕاپۆرتێکی پێشووی تۆڕی دیجیتاڵی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە کە نزیکەی یەک ملیار دیناری عێراقی لە ماوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2021دا بۆ 44 هەزار ڕیکلامی سیاسی خەرج کراوە، ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی بەردەوامی سەرهەڵدانی ڕۆڵی دیجیتاڵی لە داڕشتنی دیمەنی سیاسی و هەڵبژاردن لە وڵاتدا.

تیمی شیکاری تۆڕەکە پێیان وایە ئەو بڕە زۆرەی خەرجکردن بۆ ڕیکلام لە سەرانسەری پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی کردەیی لە ئامرازەکانی کاریگەریی هەڵبژاردنەکاندا، چونکە ئەم ڕێکلامانە ڕێگە بە دووبارە کێشانەوەی وێنەی ڕای گشتی و داڕشتنی ئەولەویەتەکانی دەنگدەران دەدەن.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە