موقتەدا سەدر هاشتاگی 'عێراق رزگار بکەن' رادەگەیێنێت
4 کاتژمێر پێش ئێستا
166 جار خوێنراوەتەوە
لەگەڵ دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت موقتەدا سەدر پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەڵبژاردنەوەی تاقیکراوەکان واتە رەگ داکوتانی گەندەڵتر و زاڵبوونی گەندەڵکار. هاوکات هاشتاگی 'عێراق رزگار بکەن'ی راگەیاندووە.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "فاتیمەی زەهرا (سڵاوی خوای لێبێت) بایکۆتی گەندەڵیی کرد، ئەو یەکەمین بایکۆتکار بوو، ئەمیری باوەڕدارانیش بایکۆتی ستەم و گەندەڵیی کرد و گەورەی چاکسازیخوازان بوو، ئەوانیش بۆ ئێمە پێشەنگێکی چاکن."
سەدر دەڵێت، هەندێک لە شوێنکەوتووان بانگەواز دەکەن بۆ "لادانی گەندەڵترین بە گەندەڵ. ئەم بانگەوازی گەندەڵییە فەرمانی (تاقیکراوەکان، تاقیناکرێنەوە) هەڵدەوەشێنێتەوە."
موقتەدا سەدر، جەختی لە درووشمی "بایکۆتکارین" کردووەتەوە و دەڵێت، "ئێمە گەندەڵ بە چاکتر لادەبەین، هەڵبژاردنەوەی تاقیکراوەکان واتە رەگداکوتانی گەندەڵتر و زاڵبوونی گەندەڵکار."
سەدر هاشتاگی "عێراق رزگار بکەن"ی بەکارهێناوە و دەڵێت، "هەمووتان بەرپرسیارن، تەنانەت هێزە ئەمنییەکانیش."
لە 4ی تەممووز، موقتەدا سەدر، بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە و بەشداریکردنی بەستەوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت.
|