بارسێلۆنا دەستبەرداری ئەستێرەیەکی لاوی دەبێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
13 جار خوێنراوەتەوە
بارسێلۆنا دەیەوێت دەستبەرداری یاریزانێکی لاوی ببێت، چونکە مەترسی لەوە هەیە بەهۆی پێکانە قورسەکەی نەگەڕێتەوە ئاستی پێشووی.
بارسێلۆنا بەوردی دۆخی یاریزانی لاوی خۆی مارک بێرناڵ، هەڵدەسەنگێنێت پێش وادەی میرکاتۆی زستانە. بەڕێوەبەرایەتی یانە کەتەلۆنییەکە هەموو ئەگەرەکان تاوتوێ دەکات لەبارەی داهاتووی یاریزانەکە، کە بەئەگەرێکی زۆر ویستی کاڕگێریی بارسا، بەڕێکردنیەتی بەشێوەی خواستن لە میرکاتۆی زستانەی داهاتوودا، ئەگەر دەرفەتی پێویستی بۆ یاریکردن دەست نەکەوێت یان نەتوانێت ئاستی پێشووی بەدەست بهێنێتەوە.
بەپێی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بەڕێوەبەرایەتی بارسێلۆنا رۆژانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی بێرناڵ دەکات و کاتی یاریکردنی بە وریاییەوە پێدەدات لە چوارچێوەی پلانێکدا کە ئامانجی گەڕاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوە بۆ باشترین ئاستی، دوای ئەو پێکانە قورسەی لە ئەژنۆیدا تووشی بوو.
بڕیار لەسەر داهاتووی بێرنال لەسەر ئەوە دەوەستێت کە چەندە کاریگەری و بەشداری لە یارییەکانی داهاتوودا دەبێت، چونکە یانەکە پێیوایە هەڵسەنگاندنی دەبێت بەهێمنی و بەبێ پەلەکردن بکرێت، بەتایبەتی کە هێشتا لە قۆناخی گونجاندندایە دوای گەڕانەوەی لە پێکانە درێژخایەنەکەی.
بێرناڵ لە 19ـی مانگی 9ـی رابردوو گەڕایەوە یاریگەکان، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی ڤالێنسیا لە یاریگای یۆهان کرۆیف، کە بەسەرکەوتنێکی گەورەی بارسێلۆنا بە ئەنجامی 6-0 کۆتاییهات. یاریزانەکە لەو کاتەدا تەنیا 9 خولەک یاری کرد توانی ئاسیستێک بۆ رۆبێرت لیڤاندۆسکی بکات.
لەو یارییەوە، دوای نزیکەی دوو مانگ، بێرناڵ تەنیا لە سێ یارییدا بەشداریکردووە، یەک خولەک لە بەرامبەر ریال ئۆڤیدۆ، 11 خولەک دژی پاریس سانجێرمان و 10 خولەکی دیکە لە بەرامبەر ئۆڵمپیاکۆس، لەکاتێکدا لە سێ یاریی رابردووی یەک لە دوای یەکدا لەسەر کورسی یەدەگ مایەوە.
بارسێلۆنا، سبەی یەکشەممە، خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سێلتاڤیگۆ ئامادە دەکات، لە گەڕی کۆتایی پێش هەفتای فیفا، دوای ئەوە تیپەکە 8 یاری ئەنجام دەدات تاوەکو پشووی سەری ساڵ.
لەلایەکی دیکەوە، بێرناڵ بۆ پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ خوار 21 ساڵان بانگهێشت نەکرا.
بەشدارییەکانی بێرناڵ لەم ماوەیەدا یەکلاکەرەوە دەبن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی، چونکە یانەکە بەنیازە تاوتوێی ئەگەری خواستنی بکات ئەگەر بەشێوەیەکی پێویست بەشدار نەبێت یان ئاستی بەو شێوەیە پەرە نەسێنێت کە لێی چاوەڕوان دەکرێت.
|