دۆخی ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید بەتەواوی تێکچووە و سەرۆک زۆر تووڕەیە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  6 جار خوێنراوەتەوە

لە پشت پەردەوە، لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدریددا هەرایە و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی شاهانە گومان لە باش بەڕێوەبردنی ژووری جلگۆڕینی یانەکەی لەلایەن چابی ئەلۆنسۆوە دەکات.
 
لە هەفتەکانی رابردوودا گرژییەکان لەنێو ریال مەدریددا پەرەیان سەندووە، دوای ئەوەی گومانەکان لە راهێنەر چابی ئەلۆنسۆ لەلایەن باڵاترین ئاستی کارگێڕیی یانەکەدا دەستیان پێکردووە. 
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە چیدی باوەڕی بە توانای راهێنەرەکەی نییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژووری جلگۆڕین و بەڕێوەبردنی تیپێکی پڕ لە ئەستێرە و خۆپەرست.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، دۆڕاندنی ریال مەدرید بە لیڤەرپوول بەئەنجامی 0-1، و هەڵسوکەوتەکانی پێشووتری یاریزانان لە یاریی کلاسیکۆدا بەرامبەر بارسێلۆنا، گومانەکانی پێرێزی زیاتر کردووە لەوەی کە پڕۆژەکەی ئەلۆنسۆ تاوەکو ئێستا لە ئاراستەی راستدا ناڕوات.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەداوە کە رەگ و ریشەی قەیرانەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوای شکستە بەئازارەکەیان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ، کاتێک پێرێز بڕیاریدا هەردوو یاریی کلاسیکۆ و یارییەکەی لیڤەرپوول بخاتە ژێر وردبینییەوە بۆ هەڵسەنگاندنی کاری راهێنەرە نوێیەکە.
 
باس لەوە کراوە کە شکستهێنان لەو قۆناخەدا دەرفەتێک بووە بۆ سەرۆک بۆ گلەییکردن لە نزیکەکانی کە پڕۆژەی "ریال مەدریدی مۆدێرن"یان بڵاوکردبووەوە کە ئەلۆنسۆ دروستی دەکات، سەرەڕای ئەوەی هەرگیز بژاردەی یەکەم نەبووە بۆ جێگرەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی، چونکە دانانی تەنیا دوای رەتکردنەوەی یۆرگن کڵۆپی ئەڵمانی بووە بۆ گەڕانەوە بۆ راهێنەرایەتی.
 
قەیرانەکانی ژووری جلگۆڕین
 
رۆژنامەکە دووپاتیکردەوە کە ئەوەی لە کلاسیکۆدا روویدا، گومانی لای پێرێز زیاتر کردووە بە سنوورداریی توانای ئەلۆنسۆ لە بەڕێوەبردنی ژووری جلگۆڕیندا، چونکە سەرەتا بە قەیرانی ڤینیسیۆس جونیۆر دەستیپێکرد کە پاش دانیشاندنی لە کلاسیکۆدا تووڕەییەکی زۆری نیشاندا، سەرەڕای ئەوەی پێرێز پێشتر راهێنەرەکەی ئاگادارکردبووەوە لە کەمبوونەوەی رۆڵی یاریزانە بەرازیلییەکە.
 
یانە شاهانەکە بڕیاریدا ڤینیسیۆس سزا نەدات و ئەلۆنسۆی بە تەنیا لە رووبەڕووبوونەوەی دۆخەکەدا بەجێهێشت، سەرەڕای داوای لێبوردنی یاریزانەکە لە هاوکارانی بەبێ قسەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ راهێنەرەکەی.
 
لە درێژەدا راپۆرتەکەی سپۆرتدا هاتووە کە ئەو رووداوە تەنیا رووداوێک نەبووە، چونکە گرژییەکان پەرەیان سەندووە دوای لێدوانەکانی فێدی ڤاڵڤێردی سەبارەت بە بەکارهێنانی وەک بەرگریکاری باڵ، جگە لە خراپ بەڕێوەبردنی دۆسێیەی هێرشبەرە گەنجەکە ئێندرێک، و گۆڕانکاری کتوپڕی ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد لە یاریی لیڤەرپوولدا 10 خولەک پێش کۆتاییهاتنی یارییەکە، بۆیە ئەم رووداوانە دۆخێکی ناڕەزایەتییان لەنێو ژمارەیەک یاریزاندا بەرامبەر شێوازی مامەڵەی ئەلۆنسۆ بۆ پێرێز ئاشکراکرد.
 
نە نۆرە و نە گوشارێکی زۆر
 
لەڕووی هونەرییەوە، ئەنجامەکانی دوایی تیپەکە گومانەکانی سەرۆکیان زیاتر کردووە سەبارەت بەتوانای ئەلۆنسۆ لە پەرەپێدانی شێوازی یاریکردن. کلاسیکۆ بۆی دووپاتکردەوە کە ریال مەدرید پشت بە ئەستێرەکان دەبەستێت بەبێ گۆڕانکاری بنەڕەتی، چونکە تیپەکە بەپێکهاتەیەکی سەرەکییەوە براوە بوو کە ئێمباپێ، ڤینیسیۆس و بێلینگهام لەخۆگرتبوو، و بەبێ نۆرە یان گوشاری زۆر وەک ئەوەی راهێنەرەکە پێشتر بەڵێنی دابوو.
 
سپۆرت پێیوابوو کە ئەو تیپەی لە بارسێلۆنای بردەوە بەسەرکردایەتی هانزی فلیک، زۆر جیاواز نەبوو لەو وەشانەی کە ئەنچێلۆتی سەرپەرشتی دەکرد، چونکە پشتی بە ناوەڕاستێکی بەهێز و بەرگرییەکی پاشەکشەکردووە بەستبوو، لە چاوەڕێی هەڵەکانی بارسا بۆ دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانە.
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز پێیوایە ئەم وەشانە زۆر دوورە لە "ریال مەدریدی مۆدێرن" کە نزیکەکانی ئەلۆنسۆ باسیان لێوەکرد، بەپشتبەستن بە قسە کۆنەکەی، کە دەڵێت "ریال مەدرید خۆی راهێنان دەکات، تەنیا باشترینەکان بخەرە نێو یاریگە و خۆیان یاری دەکەن".
 
ماندووبوونی جەستەیی و نیگەرانیی زۆر
 
جگە لە قەیرانە هونەرییەکان، پێرێز نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە دابەزینی ئاستی جەستەیی تیپەکە، کە هەمان کێشەیە کە وەرزی رابردووش بەدەستییەوە دەیناڵاند. ئەلۆنسۆ راهێنەری جەستەیی ئیسماعیل کامێنفۆرتی لۆپێزی هێنا، کە تەکنیکە مۆدێرنەکانی لە ناوەندی ڤاڵدیبیباس بەکارهێنا، بەڵام ژمارەکان ئاشکرایان کرد کە ریال مەدرید لە ئانفێڵد چوار کیلۆمەتر کەمتر لە لیڤەرپوول رایکردووە.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەداوە، یاریزانانی ریال مەدرید تەنیا لە یارییە گەورەکاندا وەک کلاسیکۆ هەوڵی تەواو دەدەن.
 
وەک ئەنچێلۆتی دەباتەوە و وەک مۆرینیۆ دەدۆڕێت
 
لەسەر شکستەکەی ئانفێڵد، فلۆرێنتینۆ پێرێز ئەنجامگیرییەکی تووندتری دەرخست، چونکە نزیکەکانی پێیانوایە "کاتێک ئەلۆنسۆ دەباتەوە وەک کارلۆ ئەنچێلۆتی یاری دەکات، بەڵام کاتێک دەدۆڕێت وەک جۆزێ مۆرینیۆ هەڵسوکەوت دەکات".
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەدا کە لێدوانەکانی چابی ئەلۆنسۆ دوای یارییەکە، کاتێک گوتی "یارییەکە بە وردەکارییەکان یەکلایی کرایەوە"، لە نووسینگەکانی کارگێڕیدا بە باش نەزانرا، کە پێیانوابوو هەوڵ دەدات بیانوو بۆ ئاستە خراپەکە بهێنێتەوە بەشێوازی مۆرینیۆی کۆن.
 
رۆژنامەکە ڕوونیکردەوە کە پێرێز پێیوایە 9 لێدانە پارێزراوەکەی کۆرتوا بوون کە تیپەکەیان لە شکستێکی گەورەی تر رزگارکرد، دووپاتیشیکردەوە کە ئاستی یارییەکە لە لیڤەرپوول شایستەی ریال مەدرید نەبوو. بۆ  ئەو شێوازەی تیپەکە لە کلاسیکۆدا براوە بوو و لە ئینگلتەرا دۆڕا، سەلماندی کە پڕۆژەکەی ئەلۆنسۆ جێگیری و ناسنامەی نییە.
 
راهێنەرێک لەژێر گوشاردا
 
چابی ئەلۆنسۆ ئێستا یەکێک لە سەختترین قۆناخەکانی لەگەڵ ریال مەدرید بەسەردەبات، چونکە متمانەپێکردنی لەنێو یانەکە و لەنێو هاندەراندا دابەزیوە، لەکاتێکدا نزیکەکانی پێرێز ئیدی ئەو گەرموگوڕییەیان نییە کە لە کاتی دانانی نیشانیان دابوو.
 
سپۆرت راپۆرتەکەی بەم قسانە کۆتایی پێهێناوە "سەرەڕای هەموو گوشارەکان، ئەوەی ئەلۆنسۆ لە پۆستەکەیدا دەهێڵێتەوە ئەوەیە کە تەلەفۆنەکەی یۆرگن کڵۆپ، کە هەمیشە بژاردەی دڵخوازی پێرێز بووە، هێشتا وەڵامی پەیوەندییەکان ناداتەوە و دەیانگوازێتەوە بۆ پەیامی دەنگی".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە