سەرۆکی ئەمریکا دەستگیرکردنی بکوژی چارلی کیرکی راگەیاند

20   کاتژمێر پێش ئێستا  129 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە رۆژی چوارشەممە چارلی کیرکی لە یوتا کوشت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، بکوژی چارلی کیرکیان دەستگیرکرد. وتیشی، "کەسێکی زۆر نزیکی ئەو (بکوژەکە)، ئەوی رادەستکردین". 
 
چارلی چالاکوانێکی راستڕۆ بوو، پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی ئیسرائیل و پاراستنی مافی هەڵگرتنی چەک بوو لە ئەمریکا. 
 
رۆژی چوارشەممە 09-10-2025 چارلی کیرک لە زانکۆی یوتا ڤالی لە شاری ئۆرێم لە ویلایەتی یوتا، گوتارێکی بۆ کۆمەڵێک ئامادەبوو دەخوێندەوە، لەکاتی قسەکردن تەقەی لێکرا و خوێن لە ملی فیچقەی کرد، دواتر گیانلەدەستدانی راگەیێندرا. 
 
دوێنێ، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕالی (ئێف بی ئای) وێنەی بکوژی  چارلی کیرکی بڵاوکردەوە. ئێف بی ئای داوای لە خەڵک کرد، زانیاری لەسەر کەسەکە بدەن. دەزگاکە خەڵاتێکی 100 هەزار دۆلاری بۆ ئاشکراکردنی شوێنی گومانلێکراوەکە راگەیاندبوو. 
 
دامودەزگەکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، ئەو نیشانشکێنەی کیرکی کوشتووە، گومان دەکرێت خۆی لە بانی باڵەخانەکە هەڵدابێتە خوارەوە و بۆ نێو یەکێک لە گەڕەکەکان رایکردبێت و خۆی شاردبێتەوە، بەڵام ناسنامەکەی بە نادیاری ماوەتەوە. 
 
کیرکی تەمەن 31 ساڵ کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمریکا هەبوو، یارمەتی زیادبوونی دەنگی ترەمپی دا لەنێو دەنگدەرانی گەنجی وڵاتەکە، ئەمەش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کۆمارییەکان هاتنەوە دەسەڵات.
 
چارلی فۆڵۆوەرێکی زۆری لەسەر ئینستاگرام و یوتیوب هەبوو، پشتگیریی لە سیاسەتی دژە کۆچبەری و بانگەشەی ئایینی مەسیحی دەکرد.
 
ئەو چالاکوانە لە ساڵی 2012 رێکخراوی قازانجنەویستی (تێرنینگ پۆینت TPUSA) دامەزراند، کە برەو بە سیاسەتی پارێزگاران دەدات. 
 
کیرک لە ساڵی 2021 ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئێریکا فرانتزڤێ، براوەی شاجوانی ئەریزۆنا 2012 پێکهێنا. کچێک و کوڕێکی هەیە. هەروەها نووسەری پێنج کتێبە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە