مەسعود بارزانی پەیامێکی نوێ و یەکلاکەرەوە دەداتە بەغدا
3 کاتژمێر پێش ئێستا
20 جار خوێنراوەتەوە
مەسعود بارزانی، پەیـامێکی نوێ و توند ئاراستەی بەغدا دەکات و دەڵێت، شتێكی زیاتریان لەوە داوا نەكردوە كە لە دەستوری عێراقدا بۆ كورد دیاری كراوە ، بەڵام بە کەمتر لەوەش رازی نابین کە دەستور بە گەل و هەرێمی کوردستانی داوە. ئاماژە بەوەشدەکات، "تێگەیشتێنی باشترمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی کوردستان هەیە و ئومێدەوارین پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت".
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین لە گەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کۆبۆتەوە و لە دیدارەکەدا بارزانی ، سوپاسی ڕۆڵی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ پشتگیری لە قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان. لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا مەسعود بارزانی رایگەیاندووە، "گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەت باشترین چارەسەرە و ئێمە دەمانەوێ دەستور جێبەجێ بکرێت".
جەختی لەوەشکردەوە ، "ئێمە شتێکی زیاتر لە چوارچێوەی دەستورمان داوا نەکردوە، بەڵام بە کەمتریش لەوە رازی نابین کە دەستور بە گەل و هەرێمی کوردستان داوە".
لە بارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، مەسعود بازرانی باسی لەوەكردوە، دوای کۆبونەوەی هەردو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی تێگەیشتنی باشتر هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و ئومێدەوارن پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا، پشتیوانی وڵاتەكەی و وڵاتانی ئەوروپای بۆ پێگەی دەستوریی قەوارەی هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بونی ژمارەیەکی بەرچاوی کونسوڵخانە لە هەرێم پەیامێکە کە دەبێت قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزگاری و بەرگری لێبکرێت.
ئاماژەی بەو سەرکەوتنانەشدا كە هەرێمی کوردستان بۆ ژێرخانی ئابووری و ئارامی و سەقامگیری هەیەتی و ئومێدی خواست لە شوێنەکانی دیکەی عێراقیش بێتەدی.
|