بەسەر دوو دەریاچەدا سلێمانی لە بێ ئاوییەکی سەختدایە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
220 جار خوێنراوەتەوە
تاکە پارێزگای عێراقە کە زۆرترین سەرچاوەی ئاوی هەیە، لە نزیک دوو دەریاچەوەیە کە دوان لە بەنداوە ستراتیژییەکانی عێراقیان لەسەرە کەچی دانیشتوانەکەی لە قەیرانێکی سەختی بێ ئاویدان، مزگەوتە دێرینەکانی لە بێ ئاویدا دادەخرێن.
سەرەڕای قەیرانە جۆر بە جۆرە دروستکراوەکانی هەرێمی کوردستان! دانیشتوانی سلێمانی دەست و پەنجە لەگەڵ قەیرانێکی دیکە دەکەن و لە گەرمای سەختی هاویندا ئاوی خواردنەوەیان بە زەحمەت دەست دەکەوێت.
ئەوەی سلێمانی لە شارەکانی دیکەی عێراق جیا دەکاتەوە زۆری سەرچاوە ئاوییەکانیەتی کەچی بەهۆی خراپ ئیدارەدانیەوە دانیشتوانەکەی بێ ئاون.
ئەوەی ئێستا لە سلێمانی روودەدات هەمان ئەو دۆخەیە کە لە بەسرە ساڵانێکە روودەدات، بەو پێیەی داهاتی هەموو عێراق لەو پارێزگایەوە دابین دەکرێت، لە کەنار دەریایە کەچی دانیشتوانەکەی ئاوی خواردنەوەیان دەست ناکەوێت.
بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئاوی سلێمانی تێچووی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی شارەکە ٢٥٠ ملیۆن دۆلارە بەڵام بە بیانووی نەبوونی پارە لە بەردەست حکوومەتدا کێشەکە چارەسەر ناکرێت.
لە گەرمەی ململانێکانی پارتی و یەکێتیدا، بەردەوام پرسی داهاتی ناوخۆی سنوورەکە بابەتی گەرم بوو کە ناگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
بەردەوام دەستڕۆیشتوانی شارەکە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە دەست بە سەر داهاتەکەیدا دەگرن و بەوەش هیچ پارەیەک بۆ پڕۆژەکانی نامێنێتەوە.
بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە هەردوولا لەسەر بودجەی ناوخۆی سنوورەکانی خۆیان پڕۆژەکانیان جێبەجێ دەکەن بەڵام بە بیانووی نەبوونی داهات پڕۆژەکانی سلێمانی پەکیان کەوتووە.
ماوەی چەند ساڵێکە هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیژی جێبەجێ نەکراوە ئەوەی هەیە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت کە وەک شرینی گرێبەستی پڕۆژە نیشتەجێ بووەکان دیاری کراوە.
ئێستا خەڵکی سلێمانی بە بەرچاویانەوە ئاوی سنوورەکەیان بە رووبارەکاندا بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڕوات کەچی بەشی خواردنەوەی خۆیان ناگاتە ماڵەکانیان.
|