عەلی خامنەیی: حساب بۆ ئەمریکا ناکەین، دەتوانین گورزی گەورەتری لێبدەین
14 کاتژمێر پێش ئێستا
246 جار خوێنراوەتەوە
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، "ئێمە بە لاوازی لە هیچ گۆڕەپانێکدا دەرناکەوین، چونکە هەموو کەرەستە پێویستەکانمان هەیە. هەم لۆژیکمان هەیە و هەم هێزمان هەیە. چ لە گۆڕەپانی دیپلۆماسی و چ لە گۆڕەپانی سەربازیدا، هەر کات بچینە نێو گۆڕەپانەکە، بە دەستی پڕەوە دەچین."
خامنەیی وتی، "ئەمریکا کە هێرشی کرد، وەڵامدانەوەی ئێمە لێدانێکی زۆر هەستیار بوو. با کات تێپەڕێت، چەند مانگ یان چەند ساڵ و سانسۆرەکان نەمێنن ئەوکات بەدیار دەکەوێ ئێران چی کردووە."
عەلی خامنەیی ئاماژەی بە هێرشەکەی ئێران بۆ بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە قەتەر کرد و گوتی: "ئەو ناوەندەی ئەمریکا کە ئێران هێرشی کردەسەر، ناوەندێکی زۆر هەستیاری ئەمریکا بوو لە ناوچەکەدا. گورزێکی گەورەی لێدرا و دەتوانین گورزێکی گەورەتر لە ئەمریکا و هی دیکەش بدەین."
خامنەیی وتیشی، "ئەگەر ئیسرائیل توانای بەرگری لەخۆکردنی هەبووایە، پەنای بۆ ئەمریکا نەدەبرد، بەڵام درکی بەوە کرد کە ناتوانێت شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکات."
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوەدا ئەوان حیساب بۆ ئەمریکا ناکەن و گوتی، "ئێران لە ئەمریکا ناترسێت بەڵکو ئەمریکا دەترسێنێت."
لە 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، دواتریش ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ـی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
|