مەسرور بارزانی: شاندی هەرێم بۆ چارەسەری مووچە لە بەغدایە

7   کاتژمێر پێش ئێستا  339 جار خوێنراوەتەوە

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەولێر  لەگەڵ ژمارەیەک کادیری ئۆرگانەکانی پارتی کۆبووەوە. 

لە کۆبوونەوەکەدا ، جێگری سەرۆکی پارتی، تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.

جێگری سەرۆکی پارتی، وتی: هەرێمی کوردستان، نابێت بە هەڕەشە و مەترسی بۆ هیچ لایەک و هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیریی و ئارامی دەبێت لە ناوچەکەدا، ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی مەسعود بارزانی دا، لە نزیکردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان لەیەکتر، بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها لە کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.

لە بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش ، جێگری سەرۆکی پارتی، دەڵێت: کێشەی ئێمە لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی، کێشەیەکی سیاسییە نەوەک تەکنیکی ، چونکە بەداخەوە لە بەغدا، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نادادپەروەرانە و بە جیاکاری  و بە شێوەیەکی نادەستووری ، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت .

جەختیشی کردەوە، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش ، قەوارەیەکی دەستووریی هەیە و دەبێ ڕێز لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێم بگیرێت. دووپاتیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان، هەرگیز دەستبەرداری هیچ مافێکی دەستووری خۆی نابێت.

 ئاماژەشی بەوە دا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە بەغدان بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا، کێشەی مووچەبڕینی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت.

جێگری سەرۆکی پارتی راشیگەیاند: پارتی بە ڕێبەرایەتی جەنابی مەسعود بارزانی، داکۆکیکار و پارێزەری یەکەم و سەرەکی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەرەنتی پاراستنی هەرێمە، بۆیە بەهێزبوونی پارتی، بەهێزبوونی کوردستانە و پارتی بە پشتیوانیی خوای گەورە، خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، هەمیشە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت


   ئەمانەش بخوێنەرەوە