پەرلەمانى عێراق بەرپرسێکی وەزارەتی نەوت دەداتە دادگا

6   کاتژمێر پێش ئێستا  77 جار خوێنراوەتەوە

لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق داوا لە وەزارەتی نەوت دەکات، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کەشتییە نەوتییەکان لە لیژنەکەیان میوانداری بکرێت، ئەوەش لەبارەی چەند تێبینییەک لەسەر کاری کۆمپانیاکە و گرێبەستەکانیان. بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەکە، "تێبینیی زۆر" لەسەری هەیە و ئەگەر دەرکەوت کەمتەرخەم بووە، دەدرێتە دادگە.
 
بەگوێرەی نووسراوێک کە زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق لە 17ی حوزەیرانی 2025 ئاراستەی وەزارەتی نەوتی کردووە، داوا دەکات عەلی قەیس عەبدولجەبار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کەشتییە نەوتییەکانی عێراق لە لیژنەکەیان ئامادەبێت بۆ "مەبەستی بەدواداچوون و تاوتوێکردنی ئەو زانیارییانەی بە لیژنەکەیان دراوە."
 
لە نووسراوەکەدا ئەو بابەتانە باسکراون کە بەهۆیەوە داوای میوانداریکردنی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتیان کردووە، لەوانە رەزامەندیدان لەسەر گرێبەستی تایبەت لەگەڵ کۆمپانیای (VS Oil Terminal) بۆ دروستکردنی کۆگای نەوت لە بەندەری خۆر زوبێر، باسکردنی تێچووی بەکرێگرتنی ئەو کۆگایانە، پشکی مانگانەی کۆمپانیای کەشتییەکانی نەوتی عێراق لەو پارەیە و شێوازی فرۆشتنی نەوت بەو کۆمپانیایە (VS Oil Terminal).
 
یەکێک لە پرسەکانی دیکە، زانینی میکانیزمی گرێبەستکردن و بەکرێدانی کەشتییە نەوتییەکان و کۆگاکانی نەوت لە بەندەرەکان بە هاوبەشی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و بڕی پارەکانیان، هەروەها تێچووی چاککردنەوەی کەشتییەکانی نەوتی سەر بە کۆمپانیای کەشتییە نەوتییەکانی عێراق و شێوازی دیاریکردنی ئەو لایەنەی کە چاکیان دەکاتەوە.
 
یەکێک لە پرسەکانی دیکە لەبارەی ئیفادی تایبەت بە کۆمپانیاکەی سەر بە وەزارەتی نەوتە لە دوو ساڵی رابردوودا.
 
خالید رێکانی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق دەڵیت، "تێبینى زۆر لەو کەرتە هەیە و دوای میوانداریکردنەکە راپۆرتێک ئامادە دەکرێت و ئەگەر کەمتەرخەمی هەبێت، دۆسیەکە دەدرێتە دادگە."
 
لە 22ی حوزەیران، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق وەڵامی نووسراوەکەی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی دایەوە بەوەی عەلی قەیس عەبدولجەبار دۆخی تەندروستیی باش نییە و داوای کردووە کە ئەو میواندارییەکە دوابخرێت بۆ کاتێکی دیکە.
 
خالید رێکانی ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیارە دوای دەستپێکردنەوەی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاى کەشتییە نەوتییەکانی عێراق بانگهێشتی لیژنەکەمان بکرێت."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە