ترەمپ: ئاگربەستی غەززە نزیکە و لە رۆژانی داهاتوودا دەکرێت

5   کاتژمێر پێش ئێستا  118 جار خوێنراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی بە ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەستێکی نوێ لە غەززە دەربڕی و دەشڵێت ، بڕوایان وایە لە رۆژانی داهاتوودا دەگەنە رێککەوتنی ئاگربەست.
 
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی، دوای راگەیاندنی پەیماننامەی ئاشتیی نێوان کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و رواندا، بە رۆژنامەڤانانای گوت: "پێم وایە نزیکە" ئاگربەست لە غەززە رابگەیێندرێت. 
  
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "خەڵک لە غەززە دەمرن و کەس یارمەتی پێشكێش بە خەڵکی کەرتەکە ناکات، لە کاتێکدا ئێمە دەیکەین."
 
ترەمپ باسی لەوە کرد، ماوەیەکی کەم لەمەوبەر قسەی لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی غەززەوە کردووە. 
 
دەستەی پەخشی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، ترەمپ دەیەوێت "رێککەوتنێکی گەورە" واژۆبکرێت بۆ ئەوەی جەنگی غەززە کۆتایی بێت، بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکرێن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ئیسرائیل بەرەو پێش بچێت. 
 
هاوکات دوو سەرچاوەی دیپلۆماسی بە رۆژنامەی ئیسرائیل هەیۆمیان وت، سەرۆکی ئەمریکا "گوشاری گەورە" لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگی غەززە بێنێت. 
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ترەمپ پێش دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران دەستی بە گوشارەکە کرد و دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکەش، یەکسەر دەستی پێکردەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە