مەسرور بارزانی: تاوەکو بەغدا نەرمتر بێت، لە بەرژەوەندیی هەمووانە
10 کاتژمێر پێش ئێستا
239 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە بەرپرسانی عێراق کرد "نەرمی زیاتر بنوێنن" و وتی: "تاوەکو ئەوان نەرمی زیاتر بنوێنن، زیاتر دەبینن کە ئەو هەوڵ و کۆششەی ئێمە دەیدەین لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە".
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەم بۆچوونانەی دەیانبیستین لە بەغدا و ئەو لێدوانانەی دەدرێن، هیوادارم هەموویان لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقدا بیریان لێ بکرێتەوە.
وتیشی تاوەکو نەرمیی زیاتر بنوێنن، زیاتر دەبینن کە ئەو هەوڵ و کۆششەی ئێمە دەیدەین لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە."
لە بارەی کۆنسووڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر کە لە رووی رووبەرەوە گەورەترین دامەزراوەی دیپلۆماسییە لەسەر ئاستی جیهان و بڕیارە تەممووزی ئەم ساڵ بکرێتەوە، مەسرور بارزانی وتی: "بێگومان کردنەوەی کۆنسووڵخانە و هاتنی زیاتری بەرپرسانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەیەکی ئەرێنی دەبێت."
کۆنسووڵخانەکە لەسەر رووبەری 200 هەزار مەتر دووجا بونیادنراوە و لە ساڵی 2018ـەوە دەست بە دروستکردنی کراوە.
19ـی ئایار، لە واشنتن، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوو گرێبەست لە بواری وزە بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیاکانی وێستن زاگرۆس و HKN Energy واژۆ کران.
رۆژی 20ی ئایار، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: "رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکەینەوە".
وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند: "سەرەڕای پێویستییەکان بۆ گەورەکردنی قەبارەی وەبەرهێنانی گاز و پڕکردنەوەی پێویستییە نێوخۆییەکان بۆ وێستگەکانی کارەبا، ئەو رێکارانەی هەرێمی کوردستان گرتوونیەتەبەر بە ئاشکرا دژی یاسا عێراقییەکانە".
هەمان رۆژ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەو دوو رێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوونی، رێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و رەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە."
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیێندراوێکی دیکەی بڵاوکردەوە و وتی، هیچ رێگری و تێبینییەکیان نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بەڵام دەڵێت مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەبێ پرسی ئەوان "نادەستوورییە".
|