159حزب و هاوپەیمانێتی و لیست خوازیاری بەشداریكردنن لە هەڵبژاردندا
14 کاتژمێر پێش ئێستا
174 جار خوێنراوەتەوە
وادەی تۆماركردنی حزب و هاوپەیمانێتی و لیستە تاكە كەسییەكان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كۆتایی هات و وتەبێژی كۆمسیۆنیش رایدەگەیەنێت: " 118 حزب و 25 هاوپەیمانێتی و 16 لیستی تاكە كەسی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن تۆمار كردووە".
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ 22/5/2025، وادەی خۆ تۆماركردنی حزب و لیست و هاوپەیمانێتییەكان بە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كۆتایی هات، كە 343 حیزب مۆڵەتیان پێدراوە و 60 حزب لە دامەزراندندان و 118 حزبی دیكە خوازیاری بەشداریكردنن لە هەڵبژاردندا".
"ژمارەی هاوپەیمانێتییەكانی پێشوو 66 هاوپەیمانێتین و لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانیشەوە پێنج هاوپەیمانێتی پەسند كراون و 11 هاوپەیمانێتی دیكەش چاوەڕێی پەسند كردنن، هاوكات 25 هاوپەیمانێتیش خوازیاری بەشدارین لە هەڵبژاردندا" جومانە غەلای وایوت.
وتەبێژی كۆمسیۆن راشیگەیاند: "16 لیستی تاكە كەسی داواكاریان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پێشكەش كردووە".
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، دوو شەممەی رابردوو بڕیاریدا ماوەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتی و حزب و لیستە تاكەكەسییەكان بۆ بەشداری كردن لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تا كۆتایی دەوامی رەسمی رۆژی پێنج شەممە 22 ی ئایاری 2025 درێژبكاتەوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە رۆژی 9ی 4ی 2025 ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەیەكی بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانى عیراق ئەنجامدا و رێكەوتی 11ی 11ی 2025، وەك وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دیاریكرد.
|