ئەمریکا بڕیاری سووککردنی سزاکانی سەر سووریای دەرکرد
10 کاتژمێر پێش ئێستا
195 جار خوێنراوەتەوە
دوای نیو سەدە لە سەپاندنی سزا بەسەر سووریا، ئەمریکا یەکەمین هەنگاوی بۆ سووککردنیان نا.
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بڕیارێکی دەرکرد بۆ "سووککردنی دەستبەجێی" سزاکان لەسەر سووریا، ئەوەش دوای ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە رایگەیاند، گەمارۆکان لادەبات.
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بڕیارەکە رێگە بەو مامەڵانە دەدات کە بەپێی سزاکانی سووریا قەدەخە کرابوون و ئیدی "بە شێوەیەکی کاریگەر سزاکان لەسەر سووریا هەڵدەگیرێن"؛ دەشڵێت، سووکردنی سزاکان "رێگە بۆ وەبەرهێنانی نوێ و چالاکیی کەرتی تایبەت خۆشدەکات."
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش چاوپۆشی لە سزای قەیسەر دەکات کە ئەوەش "رێگە بە هاوبەش و هاوپەیمانە بیانییەکان و وڵاتانی ناوچەکە دەدات زیاتر تواناکانی سووریا بەگەڕبخەن."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەشڵێت: "ئەمە تەنیا بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتری حکومەتی ئەمریکا بۆ لابردنی تەواوی ئەو سزایانەی بەهۆی پێشێلکارییەکانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە بەسەر سووریادا سەپێندرابوون."
سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "وەک سەرۆک ترەمپ بەڵێنی دابوو، وەزارەتی گەنجینە و وەزارەتی دەرەوە رێگەپێدانەکان جێبەجێ دەکەن بۆ هاندانی وەبەرهێنانی نوێ بۆ نێو سووریا. دەبێت سووریاش بەردەوام بێت لە کارکردن بەرەو بوون بە وڵاتێکی سەقامگیر و ئاشتیخواز و هیوادارین هەنگاوەکانی ئەمڕۆ وڵاتەکە بخەنە سەر رێگەی داهاتوویەکی گەش، خۆشگوزەران و سەقامگیر."
دۆناڵد ترەمپ لە 13ی ئایار "راگرتنی" سزاکانی ئەمریکای راگەیاند کە ئامانجیان سەرکردەکانی پێشووی سووریا بوو و مێژووی دەستپێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979. بۆ هەڵگرتنی هەمیشەیی، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئایا دەبێت داوا لە حکومەتی نوێی سووریا بکەن مەرجە ئەمنییەکان جێبەجێ بکات یان نا.
دەرفەتێک بۆ دەستپێکێکی نوێ
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی بەوەداوە کە "دڕندەیی رژێمی ئەسەد بەرامبەر گەلەکەی خۆی و پشتیوانیکردنی لە تیرۆر لە ناوچەکەدا کۆتایی هاتووە و قۆناغێکی نوێ بۆ گەلی سووریا دەستپێدەکات."
ئاماژە بەوەش دەکات "ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە سووریایەکی سەقامگیر، یەکگرتوو و ئاشتیخواز لەگەڵ خۆی و دراوسێکانی".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سووککردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر حکومەتی نوێی سووریا بەو تێگەیشتنە کراوە کە وڵاتەکە نابێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان و ئاسایشی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی مسۆگەر دەکات".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەختیش دەکاتەوە کە "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی نێو سووریا"؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمە "یەکەم هەنگاوی گەورەیە" بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ترەمپ.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت: "ئەم مۆڵەتە کارئاسانی بۆ چالاکییەکان دەکات لە هەموو کەرتەکانی ئابووریی سووریادا، بێ ئەوەی کارئاسانی پێشکێش بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان، ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان یان رژێمی پێشووی ئەسەد بکات؛ هەروەها رێگە بەو مامەڵانە نادات کە سوود بە رووسیا، ئێران، کۆریای باکوور دەگەیەنن – کە پشتیوانە سەرەکییەکانی رژێمی پێشووی ئەسەد بوون".
|