بەکۆمێنتەکاندا دەزانیت کۆمەڵگەیەکی توندوتیژمان هەیە
د. بەناز حمە رشید
05/07/2025
995 جار خوێنراوەتەوە
ئەگەر چاوێک بە نێوکۆمێنتەکانی ناو فەزای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بۆ کۆمەڵگەی کوردی بخشێنینەوە دەبینین، بەشێکی هەرە زۆری نوسینەکانی ئەو کۆمێنتانە نەرێنین، یاخود شێوازێکی توندوتیژی و ڕق وکینەی لەدەربڕیندا لەخۆگرتووە،کاتێک دەیانخوێنیتەوە دەبینیت کە چەند کۆمەڵگەیەکی توندوتیژمان هەیە، یان پرسیارێکت لادروست دەبێت کە، بۆچی ئەو خەڵکە ئەوەندە بە ڕق و کینە ڕای خۆیان لەسەر ئەو هەواڵە یان ئەو بابەتە دەردەبڕن کەلەناو فەزای تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بڵاودەبنەوە، لێرەدا بەپێی خوێندنەوە بۆ دەربڕینەکان دەتوانین چەند هۆکارێک بخەینەڕو.
هۆکارێکی نوسینی کۆمێنتی زبر دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە هەمیشە لەکاتی بونی قەیرانەکان و بارۆدۆخە ناهەموارەکاندا، هاووڵاتی دەکەوێتە بارودۆخێکی دژوارەوە و توشی حاڵەتێکی دەرونی خراپ دەبێتەوە، بۆنموونە موچەخۆرێک تەنها سەرچاوەی داهاتی موچەیەو سەرچاوەی خەرجی ڕۆژانەیەتی، لەکاتێکدا ئەو بڕەپارەیەی پێنادرێت لەبەرامبەریشدا خەرجی ڕۆژانەی بۆژیان وگوزەران و بۆ تێرکردنی پێداویستیییەکانی هەیە، لەبەرامبەریشدا توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی نییە، بۆیە جۆرەها کێشەی خێزانی بۆدروستدەکات و ڕووبەڕووی فشاری دەرونی دەکاتەوە، یان کاسبکارێک کە چاوەڕێی ئەوبڕەپارەیەیە لەڕێی کاسبیەکەیەوە بەدەستی بێنێت و ئێوارە بە دەستی پڕەوە بگەڕێتەوە ناو ماڵ ومنداڵ بەڵام ئەوچاوەڕوانییەی نایەتەدی، یان بێکارێک کە جۆرەها خەون وخەیاڵی هەیە پێی ناگات و کاری دەستناکەوێت، بۆیە کاتێک لەڕێی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە چەندین لێدوانی نابەرپرسانەو بەرزونزمی بەرپرسان و کەسانی حزبی دەبێت، یان دەبینێت بەهەدەردانی داهاتێکی زۆر هەیە و ئەویش سەرسفرەوخوانی بەتاڵە یان دەبینێت نادادپەروەرییەکی زۆر هەیە، بۆیە گومانی تێدانییە کە پەنابەرێتەبەر نوسینی کۆمێنتێکی زبرو پڕ ڕق وکینە.
یەکێک لەهۆکارەسەرەکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ دابەشبونی خەڵک بەسەر حزبەکاندا، وەک دەزانین لەهەرێمی کوردستاندا حزبی سیاسی زۆرە و خاوەنی ئەندام و لایەنگری زۆرن، لەکاتی ململانێکان و دروستبونی تەنگژەکان یان کاتی هەڵبژاردنەکاندا و بەهۆی بوونی بەرژەوەندییەکانەوە بەهەرشێوازێک بێت، سۆشیال میدیاش وەک ئامرازێکی بەردەست و زووگەیەنەر و بێسانسۆر ئەم خەڵکانە بەنوسینی کۆمێنت بەردەبنەگیانی یەکتر، لەئێستاداو لەم سەردەمی گەردوونی ئەلکترۆنییەدا بەسوپای ئەلکترۆنی یان مێشولەی ئەلکترۆنی ناودەبرێت، بۆیە گەر چاوێک بە کۆمێنتەکاندا بخشێنینەوە سوپایەک لەنوسەری کۆمێنتی ڕقاوی و شکاندن دەبینین.
هۆکارێکیتری نوسینی کۆمێنتی پڕ ڕق و کینەی ناو سۆشیال میدیا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان وەک دەرەچەیەک بۆ دربڕینیی بێزاری و خۆبەتاڵکردنەوە دەیبینن، بۆنمونە ئەگەر هاووڵاتی لەئەدای حکومەت و بەرپرسان ڕازی نەبێت و دەنگی بەلایەنی بەرپرس نەگات، یان بڕیارێک دەربچێت و لەسەر گرانکردن وقورسکردنی بارو گوزەرانی ئەو بێت، ئەوکات بەدەربڕینی کۆمێنتی پڕ ڕق و کینە دەیەوێت ئەو بێزارییەی دەرببڕێت و ئەوەی لەناخیایەتی بیخاتەنێو کۆمێنتەکانەوە، بۆیە پەنا بۆ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەبات.
هۆکارێکیتری نوسینی کۆمێنتی پڕ ڕق و کینە دەتوانین بڵێن چاولێکەری یان لاساییکردنەوەیە، کاتێک لەئەنجامی بڵاوبونەوەی هەواڵێک یان پۆستێک دا، بینەرێک دەبینێت کۆمێنتی نەرێنی تێدا نوسراوە ئەویش بەهەمانشێوەی ئەو حەزدەکات لەوجۆرە کۆمێنتە دووبارەبکاتەوە، بێئەوەی ئەو بابەتە بڵاوکراوەیە ئەوبگرێتەوە یان پەیوەندی بەژیانییەوە هەبێت.
|
هەموو وتارەکانی
د. بەناز حمە رشید