لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لەعێراق و رەهەندە جیاوازەکانی

د.ئیدریس عەبدول کاکە 18/05/2025   115 جار خوێنراوەتەوە

هەرچەندە عێراق مێژووەکەی زۆر کۆن نیە و بەشێوەیەکی ناسروشتی دامەزراوە، بەڵام جیۆپۆلەتیکی ئەم وڵاتە هەمیشە رۆڵی گرنگی پێ بەخشیوە ، جا ئەم رۆڵە کەم جار هەبووە بوبێت بە خێرو بێر بۆ دانیشتوانەکەی بەڵکو هەمیشە بووە بەمایەی نەهامەتی و جەنگ و قات و قری و ماڵوێرانی .

ئەگەر گوزەرێکی خێرا بکەین بەرووداوەکانی ئەم وڵاتەدا ئەبینین لە ناوەراستی پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە گۆرەپانی سیاسی عێراق  جوڵەی بەرچاو و کاریگەری بەخۆیەوە بینیوە و هەمیشە عێراق وەکو خاڵێکی گرنگ تەماشا کراوە چونکە بۆ وڵاتانی عەرەبی دەرگایەک بووە بە رووی ئێران و تورکیا دا و بۆ ئەمریکی و ئەوروپیەکانیش ستراتیجێکی ئابوری و سەربازی و سیاسی بووە. هەر بۆیە عێراق بوو بە قوربانیەکی گەورەی ململانێ جەمسەریەکان و ( ٨ ) ساڵ بەجەنگێکی وێرانکەرەوە تلا کە بەئێستاشەوە باجی ئەو جەنگە دەدات لەروویی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە.

پاشان جەنگی کەنداوو لێکەوتەکانی و گەمارۆی ئابوری و جەنگی ناوخۆیی عێراقی لە دەوڵەتێکی دەوڵەمەندەوە کرد بە  وڵاتێکی وێران و دەروەزەکەر ، لەپاش ٢٠٠٣ و روخانی رژێمی بەعس سەرەڕایی ئازاد بوونی ئەم وڵاتە لەدەستی دیکتاتۆریەت و کوشتن و برین و قات و قری، جارێکی تر رووبەرووی جەنگی ئیرهاب و قاعيدە و داعش بۆیەوە و لەم قۆناعەشدا سەروەت و سامانێکی زۆری مادی مرۆیی بەهەدەر چوو.

عێراق لە قۆناغی ئەمڕۆیدا هەوڵئەدات رۆڵی مێژویی خۆی بۆ بگەرێتەوەو ببێت بەسەنتەرێکی سیاسی و ئابوری گرنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەراستتدا ، هەرچەندە ئاڵەنگاریەکانی بەردەم گەشەکردنی عێراق کەم نین هەر لە ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکان تاکو دەگات بە دەست تێوەردانە دەرەکیەکان و پەتای گەندەڵی.

میوانداری کردنی عێراق بۆ لوتکەی کۆمکاری عەرەبی ژمارە(٣٤) لەبەغداد رووداوێکی گرنگەو عێراق لەم رێگەیەوە ئەوە دەرئەخات کە لە ئێستادا خاوەن ئاسایش و ئارامیە و ئەتوانێت بەباشی خاکەکەی بپارێزێت ، لەلایەکی تریشەوە دەریدەخات کە عێراق لە رووی ئابوریشەوە گەشەی کردووەو توانیوێتی بگات بەئاستی جێگری ئابوری ، هەربۆیەش عێراق لەوڵاتێکی چاو لە هاوکاری نێودەوڵەتی و هەرێمیەوە چۆتە ئاستی بەخشینی هاوکاری ، هەر بۆیە بڕیار ئەدات وەک خاوەن ماڵێک بۆ لوتکەی کۆمکارەکە بڕی (٤٠) ملیۆن دۆلار ببەخشێت بۆ هاوکاری کردنی  غەزە و لوبنان. 
ئەگەر لەرووی سیاسی و دیبلۆماسیەوە تەماشا بکەین ئەبینین عێراق لە دەوڵەتێکی گۆشەگیر کراوەوە بووە بە دەوڵەتێکی خاوەن پەیوەندی هاوسەنگ لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا و لە ئەمرۆدا خاوەن پەیوەندیەکی بەهێزە لەگەڵ هەر یەکە لە ( ئەمریکا ، ئێران، تورکیا، سعوديا )و وڵاتانی تر.

کۆکردنەوەی سەرکردەکانی (٢٢) دەوڵەتی عەرەبی لەبەغداد جگە لەوەی رەهەندی سیاسی هەیە ، رەهەندی ئابوریشی هەیە و دەرگا بۆ وڵاتانی عەرەبی ئەکاتەوە کە وەبەرهێنانی زیاتر بکەن  لە عێراق چونکە عێراق لە ئێستادا ئارامەو لە قۆناغى دووبارە بنیادنانەوە دایە.

شایانی باسە بوونی کورد لە لوتکەکەدا هەست پێدەکرا چونکە سەرۆک کۆمارو وەزیری دەرەوە کە کوردن و لە دووپێگەی گرنگ و کاریگەرن بۆیە لەو رێگایەوە ئەتوانن گرنگی بدەن بە پێگە و سەنگی کورد لە نێو کۆمکاری عەرەبیدا بەشێوازێک کە کوردستان پشکی شێری بەربکەوێت لە دەرفەتی وەبەرهێنانی وڵاتانی عەرەبیدا و پاشان سەرنجی دەوڵەتانی عەرەبی بۆ ئەوە رابکێشن کە کورد مەترسی نیە بۆ سەر گەلی عەرەب و پێویستە پشتیوانی لە دۆزی کورد بکەن.

جێگای ئاماژەیە کە لە وتاری حکومەتی عێراقیدا کەلەلایەن سودانیەوە پێشکەش کرا و باسی لەدۆخی سوریا و پشتیوانی عێراق بۆ ئەو وڵاتە کرد ، لە نێو وتەکانیدا زۆر بەروونی داوای لەسوریا کرد کە ببێت بەخاوەنی دەستورێکی دیموکراسی و رەچاوی مافی پێکهاتەو کەمینەکان بکات ، ئەم دەستەواژانە کاریگەرن بۆ داننانی وڵاتانی عەرەبی بەمافی کەمینەکان و پێکهاتەکانی نێو وڵاتەکانیان بەتایبەتی کورد کە هیوادارین لە ئایندەدا لەسوریا ببن بەخاوەن کیانێکی دستوری لەچوار چێوەی سوریادا .
گرنگە هەرێمی کوردستان رۆڵی زیاتری پێبدرێت لەم جۆرە چالاکیە سیاسیانەدا لە بەغداد ، هەرچەندە جگە لەبوونی سەرۆک کۆمارو وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنکارەکەدا کە کوردن  سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەشداربووە، بەڵام بەخەسڵەتی ئەوەی عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیە و ئەم سیستەمەش پشت بەهاوبەشی کردن ئەبەستێت ، بۆیە دەکرێت هەرێمی کوردستان لەم جۆرە چالاکیانە و پەیامە سیاسیەکانیدا هاوبەشیکردنەکەی زیاتر رەنگبداتەوە.