کێ سیاسەتی ناشرین کرد؟
د. بەناز حمە رشید
18/05/2025
452 جار خوێنراوەتەوە
زۆرن ئەو کەسانەی کە، هەر رۆژەی لەناو حزبێکدا دەبینرێن و لەم حزب بۆ ئەو حزب تەراتێنییانە و قسەی بریقەدار بەگوێی خەڵکیدا فڕێ دەدەن و خۆیان بە فریادرەسی خەڵکی دادەنێن، چ ئەوانەی ناو حزبەکان یاخود پەرلەمانتارانێک کە شیعاری گۆڕانکاریی و چاکسازی بەرزدەکەنەوە، ئەم جۆرە کەسانە ئەوانەن کە لەسەر حسابی سادەیی و خۆشباوەڕی خەڵک و موعانات و بونی کێشەی زۆری هاووڵاتی دەژین، خەڵکیش باوەڕیان پێدەکەن و وادەزانن ئەوانە دەبنە ڕزگارکەریان و ڕۆژیان بۆ ڕووناک دەکەنەوە، ئەوانە بە تکاوپاڕانەوەیەکی زۆر وا لەخەڵک دەکەن هەتا دەنگیان پێبدەن، چەندین پەیمانی درۆ بەدەنگدەرەکانیان دەدەن، بەڵام ووردەووردە دەردەکەوێت، ئەم کەسانە جگەلەوەی بەدوای پلەو پۆست و شوێنێکدا دەگەڕێن گیرفانیان بۆ گەرم بکات هیچیتر نین، ئەو جۆرە کەسانە سەرزمان و بن زمانیان قسەگووتنە بە حزبەکانی دەسەڵات، خەریکی دەرخستنی گەندەڵییەکانیانن، گوێی هاووڵاتیانیان بە ناشرینکردنی حزبەکانی دەسەڵات تەنیوە، کەچی هەرئەوانەن لەناو هەمان ئەوحزبانەدا دەبینرێن کە ڕۆژانێک خەریکی دەرخستنی گەندەڵییەکانیان بوون، باشە ئێستا خێرە وا هەڵوێستەکان گۆڕاون و بەشان وباڵی ئەوحزبانەدا هەڵدەدەن یان گیرفانیان گەرمکردون.
ئەوە چ ڕەوشتێکە تۆی پەرلەمانتار لەسەر قەوارەیکی سیاسی دەنگی خەڵکت بۆکۆکراوەتەوە بێ حسابکردن بۆ ئەودەنگانە، لەبەرهەر هۆکارێک بێت دەچیتە ناوحزبێکیترەوە، بەڕاستی رەفتارێکی قێزەونە کاتێک جەنابت لەسەر قەوارەیەکی سیاسی خۆت کاندیدکردووە ئەوهاووڵاتییەی دەنگی پێداویت، دەنگی بەو قەوارەیە داوە، دەچیت کڕین وفرۆشتن بەودەنگانەوە دەکەیت، دواتر دێیت دەچیتە سەر لایەنێکیتر، یان، پێگەکەت بۆمەرامی خۆت بەکاردەهێنیت و هیچ حسابێک بۆ دەنگدەرناکەیت دەچیت بۆ دەرەوەی ووڵات و هەموو پەیمانەکانت درۆ دەردەچن، ئەم ڕەفتارانەوالە هاووڵاتی دەکات متمانە بە پڕۆسەی هەڵبژاردن نەکات.
ئەم جۆرە کەسانە دەبنەهۆی ناشرینکردنی کاری سیاسی و حزبایەتی و مشەخۆرن بەسەر حزب و میللەتیشەوە، تەنانەت پڕۆسەی هەڵبژاردن و چوون بۆ دەنگدان، کە مافی تاکە بەبەشداریکردن لە هەڵبژاردندا بەشداری لەگۆڕانکاری و حکومڕانیدا بکات، ئەم جۆرەکەسانە ئەم پڕۆسەیەیان لای هاووڵاتی ناشرینکردووە، وایان لە هاووڵاتی کرددوە بەشداری تیادا نەکات، چونکە کاتێک دەنگدەر دەبینێت دەنگی بە کەسێک داوە لەسەر بنەمای ئەوەی ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی و داوای مافەکانی بۆبکات و نادادپەروەری نەهێڵێت، بەڵام ئەوەی ئەو لێی چاوەڕێی دەکات وادەرناچێت، بگرە لەسەر دەنگپێدانی ئەو خۆی دەوڵەمەند دەکات و لەڕوی مادی و مەعنەوییەوە سودمەند دەبێت، ئیتر بێ هیوایی و بێ متمانەیی و پاشگەزبوونەوە لای هاووڵاتیان و بەتایبەتیش دەنگدەرەکەی دروستدەکات، کەدەنگدەر پێی وایە هەڵەیکردووە و چیتر ئەو هەڵەیەی کردوێتی دووبارەی نەکاتەوە و بڕیاری ئەوەدەدات نەچێت بۆدەنگدان و هیچ باوەڕێکی بە پڕۆسەکەش نەمێنێت.
بۆیە نابێت هاووڵاتی ببێتەقوربانی هەڵەی حزبەکان لەدیاریکردنی کاندیدەکان، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە تەراتێنی ناوحزبەکانیانە یان کەسانێک کەکەس نایانناسێت و لەناو هاووڵاتیانی ئەم هەرێمەپڕلەکێشەیەدا نەژیاون دەکرێنە کاندید.
|
هەموو وتارەکانی
د. بەناز حمە رشید