مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە نێوان یاسا و میدیای حزبی و شەخسیدا
هاوکار عیزەت مەیکە
15/03/2025
517 جار خوێنراوەتەوە
مافی بەدەستهێنانی زانیاری، یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە زۆربەی وڵاتاندا گفتوگۆ و جەدەلێکی زۆری لەبارەوە کراوە و هەندێکیان توانیویانە زاڵ ببن بەسەر کۆسپەکاندا و دەرچەیەکی گەورە بۆ شەفافیەت و بەدەستهێنانی زانیاری بکەنەوە و تاکی ئەو وڵاتە هەر کاتێک بیەوێت دەستی بگات بە کۆمەڵێک زانیاری کە پێویستیەتی.
لە هەرێمی کوردستان ئەگەر چی یاسایەکمان هەیە بە یاسای ژمارەی ١١ی ساڵی ٢٠١٣ ناسراوە و لە ٨ پەڕە و ٢١ ماددە پێکهاتوە، لە دوو توێی پەڕەکانی یاساکەدا مافی داوەتە هەموو هاوڵاتیەکی هەرێمی کوردستان کە بتوانێت دەستی بگات بەو زانیاری و داتا و دیکۆمێنتانەی کە پەیوەستن بە دام و دەزگاکانی میرییەوە و ئەو پێویستیەتی زانیاریان لەبارەوە بزانێت، بەڵام ئەم یاسایە تا ئێستا بە هیچ جۆرێک کاری پێ نەکراوە و نەک هاوڵاتیەکی ئاسایی، بگرە میدیا گەورەکانیش دەستیان بە زۆرێک لە زانیاریەکان ناگات و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کارئاسانییەک ناکەن بۆ ئەوەی میدیا و رایگشتی لە رێگەی میدیاکانەوە دەستیان بە زانیاری بگات.
لە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریدا بەڕونی ئاماژە بەوەکراوە کە دام و دەزگاکانی حکومەت پابەند دەکرێن بە تەرخانکردنی فەرمانبەر و ستافی تایبەتەوە بۆ پێدانی زانیاری بە کەسی خوازەر و داواکار، بەڵام ئیستا تەواو پێچەوانەکەی جێبەجێدەکرێت و هیچ دەزگایەکی فەرمی حکومەتی هەرێم بە فەرمی ئامادە نییە زانیاری بداتە میدیا و رایگشتی و هەرکەسێک کە پێویستیەتی. ئەو زانیاریەش کە دەدرێتە بەشێک لە میدیا و رایگشتی لەڕێگەی پەیوەندی کەسی و تایبەتەوەیە و بە ناوی سەرچاوەی تایبەتەوە دەدرێت.
بەداخەوە ئێستا دیاردەیەکی زۆر نەگونجاو هەم لەگەڵ یاساکە هەم لەگەڵ عورفی حوکمرانی و کاری میدیایی سەری هەڵداوە، ئەویش ئەوەیە کە میدیاکانی حزبەکانی دەسەڵات یان کەسانی دەسترۆیشتووی نێو دەسەڵات دەستیان بە هەموو زانیاریەک دەگات و هەر وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسێکی حکومەتیان مەبەست بێت رایدەکیشنە نێو ستۆدیۆکانیان و دیداریان لەگەڵ دەکەن، زۆر کات دەبینین بڕیارێک هێشتا لە نێو ئەنجومەنی وەزیرانە و نەبۆتە بڕیاری کۆتایی بەڵام میدیایەک بە دەنگێکی زوڵاڵەوە دەڵێت ئێمە وەک یەکەم میدیا ئەو زنیاریە ئاشکرا دەکەین کە بڕیارە کەمێکی تر ئەنجونەی وەزیران فڵان بڕیار بدات، بەشێک لە بەرپرسانی باڵای حکومەت ئێستا بونەتە پەیامنێر و نوسەری هەواڵی بەشێک لە میدیای کەسانی باڵادەستی نێو حکومەت و کوڕ و نەوەکانیان و حزبەکانی بەشدار لە دەسەڵات.
هەرسێ حزبی بەشدار لە دەسەڵات لەڕێگەی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانیانەوە دزە بە زانیاریەکان دەکەن و دەیدەنە میدیاکانی خۆیان و نزیک لە خۆیان، میدیاکانی تری دەرەوەی ئەوانیش بۆ وەرگرتنی زانیاریەکی بچوک دەبێت ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی پەیوەندی و بگرە و بەردە بن و لە کۆتایشدا یان قسەیان بۆناکرێت و زانیارییان پێنادرێت یان ئەگەر شتێكی بچوکیشیان پێ بوترێت بەناوی سەرچاوەوە قسەیان بۆ دەکرێت.
ئەم دیاردەیە ئێستا لە هەرێمی کوردستان زۆر بەربڵاوە و بوەتە مۆدێلێکی ناشیرینی میدیای کوردی و و رۆژانە لە چەند میدیایەکەوە دووبارە و چەند بارە دەبێتەوە، زانیارییەک کە بۆ بەشێک لە میدیاکان یاساغ تابۆیە، بۆ بەشێکی تری میدیا دەرگای لەسەر واڵا و کراوەیە و کام وەزیر و بەرپرس دەیەوێت دەیهێنێتە سەر شاشە یان بە راستەوخۆ و لەبەرچاوی بینەر تەلەفونی بۆ دەکات و ئەویش هەموو وەڵامێکی دەداتەوە و بەناوی یەکەم میدیا و یەکەمین زانیاری و بەپەلە و ئەم ناوانەوە زانیاریەکە دەرخواردی کۆمەڵگە دەدات.
ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە دوای ئەوەی بەخێرێ توانی دەست بە کۆبونەوەکانی بکات و حزب ڕێگەی دا پەرلەمانتارەکان بچنە پەرلەمان، بیرێک لە هەمواری ئەو یاسایە بکەنەوە بە جۆرێک کە هەموان بتوانن دەستیان بگات بە زانیاری، یان ئەوەی یاساکە هەڵوەشێننەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم نەڵێت ئێمە بەیاسا بەدەستهێنانی زانیاریمان ڕێکخستوە لە کاتێکدا ماوەی ١٢ ساڵە یەک کاری پێنەکراوە.
* سەرۆکی ئەنجومەنی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ - ڕۆنووس
|
هەموو وتارەکانی
هاوکار عیزەت مەیکە