ئاشتی هەمیشە باشترە لە شەڕ

د.ئیدریس عەبدول کاکە 11/03/2025   457 جار خوێنراوەتەوە

لە سیاسەتدا کارەکتەرەکان لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیەکانەوە دیمەنەکان ئەبینن.

رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان ( مەزڵوم عەبدی) و ( ئەحمەد شەرع) بەگشتی جێگای دڵخۆشیە چونکە هەموومان ئەزانین گەلی سوریا بەسەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانەوە خاوەن مێژوویەکی پڕ لە نەهامەتین چ لەسەردەمی بنەماڵەی ئەسەد و چ لە دوایی رووداوەکانی بەهاری عەرەبیەوەو تاکو ئەمڕۆش هاوڵاتیانی سوریا لە ژیانێکی نائارام و دۆخێکی دارایی زۆر خراپدا ژیان دەگوزەرێنن ، ئەوە سەرەڕایی دەربەدەربوونی ملیۆنان هاوڵاتی ئەو وڵاتە و بڵاوبونەوەیان بەهەموو جیهاندا.

ئەگەر لەلایەنی ئابوریەوە تەماشا بکەین سوریا لەرووی ژێرخان و سەرخانی ئابووریەوە بەتەواوەتی داروخاوەو نەختینەی سوری نزمترین ئاستەکانی تۆمار کردووە.

گەلی کورد لە رۆژئاوا سەرەڕای ئەو راستیانەی کەباسمان کرد وەکو هاوڵاتی سوری رووبەروی هەمان دۆخ بوونەتەوە ، جگەلەوەش تاکو ئەمرۆ وەکو مرۆڤی نمرە دوو تەماشاکراون لەسوریا و خاوەن ناسنامەش نەبوون ، کەواتە جگە لە مافە سیاسیەکان لە مافە مەدەنیەکانیش بێبەش بوون بەهۆی کورد بوونەوە.

لەپاش رووداوەکانی ٢٠١٢ کورد لە باکور و رۆهەڵاتی سوریا توانی  بوونی خۆی بسەلمێنێت و ناوچەکانی تارادەیەکی زۆر ئازاد بکات و لەکاتی هێرشەکانی داعشدا بەقوربانیەکی زۆر خاک و خەڵکی خۆیان پاراست و کۆبانی بوو بە سومبولی ئازایەتی کورد و رەوایەتی دۆزەکەی.

ئەمڕۆش دۆخی سوریا پاش نەمانی رژێمی ئەسەد جیاوازترە لەقۆناغەکانی پێشتر ، چونکە ئەو هێزەی ئەمرۆ حوکمرانی سوریا ئەکات جیاوازی قوڵی لەگەڵ (هسد) دا هەیە کە نوێنەرایەتی کورد دەکات لەسەر گۆرەپانی ململانێکان ، چ بەهۆی جیاوازی ئایدۆلۆجی و چ بەهۆی نەخشەی پەیوەندیە سیاسی و سەربازیەکانی هەردولا ، بەڵام ئەوەی خاڵی پۆزەتیفە لەم نێوەندەدا، بوونی   هاوپەیمانی نێودەوڵەتیە بە تایبەتی ئەمریکی و فەرەنسیەکان بەقورساییەکی گەورە چونکە دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا باشتر لەهەمووان ئەزانن بوونیان لە سەرکورسی دەسەڵاتی سوریا هەر بەسودفە نەبووە ، جگە لەوەش بوونی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشوری وڵات بە تەواوی سەربازو کەرەستەی سەربازی پێشکەوتووەوە چاوی لە هێمنی و ئارامی سنورەکانێتی ئەگەرنا ئەوەی بەسەر حەماس و حزب اللە لە غەزەو لوبنان هێنا خراپتر بەسەر ئەحمەد شەرع و هێزەکەیدا ئەهێنێت.

پاشان رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی دەشتی سوریا و عەلەویەکان وانەیەکی تری بە ئەحمەد شەرعدا ، هەرچەندە بەزەبری هێز هەڵچونەکان سەرکوت کراون بەڵام کردەوە دڕندانەکانیان کە هەموو جیهان بینیتی بەسە بۆ دەست تێوەردانیان ئەگەر بیانەوێت.

لەلایەکی ترەوە درۆزەکان لە پارێزگای سویدا ئامادەسازی تەواویان کردووە بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان لە چوارچێوەی فیدراڵی یان لامەرکەزی کارگێری جا لەرێگای مانگرتن و خۆپیشاندان بێت تا دەگات بە شۆرشی چەکدار.

ئەم هۆکارانە پاڵیان بەئەحمەد شەرع ناوە کە پەنا بۆرێککەوتن لەگەڵ ( مەزڵوم عەبدی) بەرێت بە هاندانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بۆ ئەم بابەتەش  زەمینەی ئاشتی تورکیاش رەنگدانەوەی راستەوخۆی هەیە لەسەر هاوکێشەکە.

بەگشتی ئەتوانین بڵێین رێککەوتنە نوسراوەکە کە پێکهاتووە لە (٨) خاڵ کارێکی باش و گرنگە بەتایبەتی خاڵی ( ١ ،٢ ) و ئەوی لەخاڵی (٢) دا هاتووە سەربارەت بە دانپێدانانی فەرمی کە کورد پێکهاتەیەکی رەسەنی سوریایەو ئەبێت مافە دستوریەکانی پارێزراو بێت ، بەڵام ئەم بابەتە لاستیکیەو قسە زۆر هەڵئەگرێت بۆیە ئەبێت دەسەڵاتی ئێستای سوریا نیازپاکی خۆی لە ئێستاوە پیشان بدات و لیژنەی نوسینەوەی دستور هەمووار بکات و بەڵای کەمەوە نوێنەرێکی رۆژئاوای بۆ زیاد بکرێت ، پاشان لەوردەکاریەکاندا دەرئەکەوێت تاچەند ئامادەن مافەکانی کورد وەکو کیانێکی سیاسی و ئیداری و سەربازی بچەسپێنن.

هەروەها خاڵی (٣) رێککەوتنەکە زۆرگرنگە بۆ کورد کە ناوچەکانی پارێزراوبن لە هێرشی گروپەچەکدارەکانی نزیک لە تورکیا.

هەروەها خاڵی (٧) پابەندبوونە  بەدوور کەوتنەوە لە جیاکاری و ناکۆکی تائیفی و ئاینی و نەتەوەیی کە ئەمەش لەبەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکانی سوریایە و هۆکاری ماڵوێرانیەکانی ئەو وڵاتەیە تاکو ئەمڕۆش.

هیوادارین ئەم رێککەوتنە بچێتەواری جێ بەجێ کردنەوەو چیتر ئەو دیمەنانە نەبینین لەسوریا کەساڵانێکە ناخی هەموو مرۆڤێکی بەویژدان ئەهەژێنێت.