نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو.. بەڵام نەخۆشەکە مرد !
د. یوسف گۆران
04/11/2026
145 جار خوێنراوەتەوە
فیلمێکی کۆمیدیی کۆنی هونەرمەند (فوئاد ئەلموهەندیس)م بیر دەکەوێتەوە کە دکتۆرێکی نەشتەرگەری بوو لە ژووری نەشتەرگەری سەرقاڵی نەخۆشێک بوو.
کاتێک پێیان وت کە نەخۆشەکە گیانی لەدەست داوە، زۆر بە متمانە بە خۆبوونەوە وەڵامی دایەوە: «گرنگ نییە.. گرنگ ئەوەیە نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو!».
ئەم دیمەنەم بیر کەوتەوە کاتێک چاودێریی ئەو هەوڵانەم دەکرد بۆ کۆکردنەوەی ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و سازدانی دانیشتنێک بەبێ بەشداریکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
خاوەنی ئەم هەوڵە بە زۆر رێگای نایاسایی و گوشار سەرکەوتوو بوو لە کۆکردنەوەی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران و دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیش هەڵبژێردرا، بەڵام ئەو پرسیارەی کە پێویستە بیری لێ بکرێتەوە ئەوەیە: ئایا سەرکەوتنی ڕێکارە پەرلەمانییەکان بەسە ئەگەر باجەکەی دابەشبوونی سیاسی و خستنە مەترسیی سەقامگیریی هەرێم بێت؟
هەرێمی کوردستان تەنها چەند کورسییەکی پەرلەمانی نییە کە بتوانرێت بە شێوازی بیرکاریانە کۆبکرێتەوە، بەڵکو ئەزموونێکی سیاسییە کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و شەراکەتی ئاڵۆز دامەزراوە. هەر هەوڵێکیش بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی بە دوور لە لێکتێگەیشتنی نێوان دوو هێزە سەرەکییەکە،دەرگا بەڕووی قەیرانێکە کە زۆر قووڵتر بێت لەوەی دارێژەرانی ئەم دانیشنە بیریان لێ کردبێتەوە.
سەرەنجام مەترسییەکە لەوەدایە کە لە کۆتاییدا بۆمان دەرکەوێت کە ئێمە دانیشتنێکی پەرلەمانیمان بردووەتەوە، بەڵام گورزێکی گەورەمان بە یەکڕیزیی هەرێم و سەقامگیرییەکەی گەیاندووە.
ئەو کاتەش لەوانەیە کەسێکمان لێ پەیدا بێت و بڵێت، هەروەک چۆن فوئاد ئەلموهەندیس وتی:
«نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو.. بەڵام نەخۆشەکە مرد!».
لێرەدا نەخۆشەکە پارتێکی سیاسی نییە، بەڵکو خوانەخوازە خودی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەبێت.
|
هەموو وتارەکانی
د. یوسف گۆران