ڕووداوەکانی فەرەنســـا و ڕۆشنبیرە سێلیبریتییەکانی کورد

عومەر خەتات 21/10/2026   737 جار خوێنراوەتەوە

لە هەر قەیرانێــــکی گەورەی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، لەگەڵ ئەو ململا‌نێیە کۆمەڵایەتیـــیەی کە لە شەقام، شوێنی کار و ژیانی ڕۆژانەدا دەردەکەوێت، ململا‌نێیــــەکی دیکەش لەسەر مانا و لێکدانەوەی قەیرانەکە دەست پێ دەکات. ئەوەی لە واقیعـــدا بەرهەمی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، دابەشکردنی نا یەکســـانی ســـامان و دەسەڵاتی سیاسییە، لە گوتاری باڵادەستدا زۆرجار بە شێوەیەکی پێچەوانە دەردەکەوێت؛ قەیرانی کۆمەڵایەتی دەگۆڕدرێت بۆ قەیرانی کولتوور، ململا‌نێی چینایەتی دەکرێتە ململا‌نێی شوناسەکان و ئەو مرۆڤەی بە گۆشت و ئێسکی خۆی باجی قەیرانەکە دەدات، دەکرێتە هۆکاری هەمان ئەو قەیرانەی کە ژیانی تێکداوە.

لە پشت ئەم پێچەوانەکردنەوەیەدا شێوازێکی دیاریکراوی بیرکردنەوە هەیە کە دەتوانــین بە عەقڵی کولتوورگەرا ناوی ببەین. ئەم عەقــــڵە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە پەیوەندییە مادی و مێژووییەکانیــــان دادەبڕێت و دەیانخاتە ناو دوانە دژبەرە جێگیرەکانەوە؛ شارستانی و نامەدەنی، خۆماڵی و بیانی، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، ئەوروپی و موســـڵمان. لە ناو ئەم دوانەســـازییەدا، مرۆڤ وەك بەرهەمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیـــــیەکان نابینرێت؛ بەڵکو شوناســــــەکەی دەبێتە سەرچاوەی ڕەفتار و هەڵوێستەکانی. ئەوەی لە مێـــــژوودا گۆڕاوە، دەکرێتە خەسڵەتێکی نەگۆڕ؛ ئەوەی بەرهەمی بارودۆخێکی دیاریکراوە، دەکرێتە سروشتێکی هەمیشەیی و پیشان دەدرێت. 

لەم شێوازەی بیرکردنەوەدا، توندوتـــــیژیی ڕاپەڕیوێکی پەراوێزخراو کە بە ڕێکەوت موســڵمانە دەبێتە بەڵگەی "کولتووری توندوتیژی"ی موسڵمانان، بەڵام هەمان توندوتـــیژی کاتێك لە مێژووی سەرهەڵدانی بۆرژوازی و دەوڵەت- نەتەوەییەکانی ئەوروپــــــادا دەردەکەوێت، لە ناو ئەفسانەی شکۆی شۆڕشگێڕانەدا جێگەی خۆی دەدۆزێتـــەوە. ئەوەی لە یەك شوێندا وەك کردەیەکی مێژوویی و سیاسی لێك دەدرێتەوە، لە شوێنـــــێکی دیکەدا دەکرێتە بەڵگەی خەسڵەتی کولتووریی گرووپێکی دیاریکراو. ئەم دووپێوەرییە لە خودی میتۆدی شیکردنەوەکەوە سەرچاوە دەگرێت. عەقڵی کولتوورگەرا لە ڕووداوەکاندا بەدوای پەیوەندییەکانیاندا ناگەڕێت. ئەو پێشتر وێنەیەکی ئامادەی لە جیهان هەیە و ڕووداوەکان بە زۆر دەخاتە ناو ئەو قاڵبە داڕێژراوەوە. لەبەر ئەوە. لە ئەنجــــــــامدا، خودی ئەو میکانیزمانەی کە هەژاری و تێکشکانیـــــــــــــان بەرهەم هێناوە، لە شیکردنەوەدا ون دەبن.

بەڵام کولتوور لە دەرەوەی مێژوو و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییـــــــەکاندا بوونی نییە. بیرکردنـــەوە و ڕەفتاری مرۆڤ لە ناو ژیانێکی ماددیی دیاریکراودا شێوە دەگرن. لە ڕوانگەی مارکســەوە، قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت لە ناو ئەو پەیوەندییــــــــانەی نێوان سەرمایە و کاردا شی بکرێنەوە کە بەرهەمیان دەهێنن. گرانیی ژیــــــان، بێکاری، قەیرانی نیشتەجێبوون، لاوازبوونی خزمەتگوزارییە گشـــــــتییەکان و پەراوێزخستنی بەشێك لە دانیشتووان، ڕاستەوخۆ بەندە بە شێوازی ڕێکخستنی کۆمەڵگە و دابەشکردنی دەسەڵات و ســــــامانەوە. ئەوەی کۆچبەرێك یان نەوەی پەرواێزخراوی بنەماڵەیەکی کۆچکردوو لە ناڕەزایەتییەکدا بەشداری دەکات، هیچ شــــــــــتێك لەبارەی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەو ناڕەزایەتییەوە ڕوون ناکاتەوە. پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو مرۆڤە لە چ پەیوەندییەکی چینــــایەتیدا دەژی، چ فشارێکی ماددی بەسەردا سەپاوە و لە چ دەرفەتێـــــــــکی ژیـــان بێـبەش کراوە.
گوتاری ڕاستڕەوی تووندڕەوی جیهــــانی (لە ترامپ و لۆپانەوە تا ملیۆنی و پارتی بەدیلی ئەڵمانـــــــــیا) خاوەنی ئەم شێواندنە ســیستەماتیکەن، بەلەمێکی کۆچبەران، پێستێکی ڕەش دەکەنە تاوانبـــاری داڕمانی سیســـــــتەمێك کە کەڵەکەی سەرمایە لە ناوەوە داغانی کردووە.

بەڵام ئەوەی لەم تراژیــدیایە تاڵترە، دەنگدانەوەی ئەم گوتارە نیوفــــــاشیستییەیە لە دەمی ڕۆشنبیرانی سێلیبریتی و ناسیۆنالیسیتە باغەکانی ئێمەدا. بە ڕاست ئەم شەیدابوونە شــێتانەیەی بە ناو نوخبەی کورد بۆ گوتاری فاشیستیانەی پیاوە سپیپێستەکە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ چۆن دەکرێت مرۆڤێــك کە جەستەی نەتەوەکەی خۆی بە درێژایی مێژوو بە دەستی دەوڵەت-نەتەوەی شۆڤینیستی و چەوسێنەر کەرت کەرت کراوە، لە پڕ ببێـــتە داکۆکیکاری سەرسەختی ئەو فاشــیزمەی پێی وایە هەژار و پەراوێزخراوەکانی فەرەنســا و پایتەختەکانی تری ئەوروپا سەرچاوەی پیســکردنی شارســتانییەتن؟
ئەمە ترۆپکی نامۆبوون و بەرهەمی گرێی خۆبەکەمزانینێکی قووڵە بەرامبەر بە پیـــاوەسپییەکە. تێڕوانینێـــــك کە لەبری ئەوەی ئەزموونی ســتەمی نەتەوەیی بکاتە بنەمـــــای هاوسۆزیی لەگەڵ چەوســاوەکانی تردا، دەیکاتە پاســـاو بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ گوتاری باڵادەست و تێـــردا.

ڕۆشنبیری سێلیبریتی کورد، ئەفســـانەی "مەدەنیــیەتی پاك و ئارام" قوت دەکاتەوە و دەیەوێت وا نیشـــانی بدات کە رۆژئاوا باخچەیەکی هێمن بووە و خاوەندارێتی تایــبەت پیرۆزترین نەریتی بووە، ئێســتا بەربەرەکان هاتوون و ئارامییەکەیان شێواندووە. ئەم گێڕانەوەیەی ڕۆشنبیری سێلیبریتی ئەگەرچی پڕە لە هەژاریی سیاسی و مێژوویی، لە هەمانکاتدا شێواندنی ئاشکرای واقیعە. لە عەقڵی خاوی ئەم ڕۆشنبیرەدا، سەرمــایە بە جلی ئوتوکراو و بە یاســاوە لە دایك بووە، نەك وەك ئەوەی مارکس دەیڵێت لە تەوقی سەرییەوە تا بنی پێی، لە هەموو ئەندامێکی بەدەنییەوە خوێن و چڵك بتکێــــت. زەوتکردنی زەوی، دەرکردنی جوتیــاران، کۆلۆنیالیزم و تاڵانی گەلانی ئەفریقیـــیا و ئاســیا، بنەمای ئەو خاوەندارێتییە بۆرژوازیــیە بوون کە ئەمڕۆ وەك پیرۆزییەکی شارســتانی پێمان دەفرۆشــنەوە.

کاتێــك لەم ڕاپەڕینانەدا دەبیــنین شوشەی دوکانەکان دەشــكێنرێن و کاڵاکان بە تاڵان دەبرێن، ڕۆشنبیری سێلیبریتی کورد، ئەمە بە تێکدانی "ژیانی ئاشتیانە"ی پاریس لیکدەداتەوە. لە بێئاگایی خۆیــدا و لای ئەو پاریس شــاری تەنیــــــا ڕۆمانســییەتە، شاری تاوەری ئیڤڵ و چادەی شانزئێلیـــزێ وبۆنی شـــانێلە، نەك کۆمەڵگەیەكی چینــــــایەتی پڕ لە پەراوێز و ململانێ. ئەگەر ڕاپەڕیوێك ڕەشپێســت یان موسڵمانێکی کۆچبەر بوو، ئەوا دەســـــتبەچی هەموو تووندووتیژییەکان لەواندا کورت دەکرێنەوە. ئەمەش هەم دەسەڵات لە هۆکاری ڕاستەقینەی توڕەییەکە دەپارێزێت، هەمیش کەمیــنەیەك دەکاتە قەڵغانی بەرگری لە ســیستەمەکە. لە بەرامبەردا، مێژووی شۆڕشەکانی فەرەنســا، لە پاســتێلی ١٧٨٩ەوە تا کۆمۆنی پاریسی ١٨٧١ و ڕووخانی ستوونی ڤاندۆم، سەلماندی کە چەوساوەکان لە سیمبوڵی چەوسێنەرەکانیان ڕادەپەڕن و پێــــــوەری ڕەوایی خەبــــات، پاراســتنی دیواری پیرۆزکراوی سەرمایەکان نیــیە، بەڵکو گەڕانەوەی کەرامەتە بۆ مرۆڤ.

ڕاســتییەکی تاڵی هەیـــــــــە، ڕاپەڕینەکانی پاریس و پایتەختەکانی تری ئەوروپا دەیســــەلمێنن کە قەیران، نەبوونی و گرانی بە تەنیـــا هۆشــیاری چینایەتی دروست ناکەن و دەرگای سۆسیالیزم ناکەنەوە. تووڕەیی کوێــرانە و خۆرســکی ئەگەر پرۆژە و ڕێکخستنی چیــنایەتی سەربەخۆی لە پشــت نەبێت، دەکرێت بە ئاســـانی بکەوێتە داوی فاشیزم و بەرەو تێکـــــدانی بێ ئامـــانج بڕوات. مارکس بە ووردەکارییەکی زۆرەوە ڕوونی کردۆتەوە کە چۆن هۆشــیاری سەرەتایی ناڕەزایەتی لە قۆناغی بێ ڕێکخســـتندا، ڕەنگە بەرەو تێـکدان و رێرانکردن بڕوات. ئەم شێوازی ناڕەزایەتییە بەرهەمی کولتور یان شوناسی بکەرەکانی نیـــیە، بەڵکو بەرئەنجامی ئەو نامۆبوون و بێئــــــــاسۆییە مادییەیە کە ســــیستەم سەپاندوویەتی.

قەیرانی کۆمەڵایەتی ئێســتا لە فەرەنســا و شارەکانی تری جیهــــــان  بە ڕەنگی پێســت و ئایین لێکنــــادرێتەوە، ئەوە برینـــــێکە تەنها لە ناو پەیوەندییە مادییەکانی خودی سیستەمەکەدا دەرمانی بۆ دەدۆزرێــتەوە.

ڕۆشنبیری سێلیبریتی کورد، باشترە خەریکی تەکیە و خواردنی کوردەواری و پیاهەڵدان بێت بە دەسەڵاتدارانی ناوخۆدا، چیتـــان داوە لە فەرەنســا و شۆڕشەکانی، ئێوە و تێگەیشــتن لەو مێژووە کوجـــا مەرحەبـا.

20.10.26