خەڵک فریو مەدەن..!

د.عەدالەت عەبدوڵا 17/09/2026   753 جار خوێنراوەتەوە

دەستپێکردنی شەپۆلی نوێی گرانی و پاشەکشەی خزمەتگوزارییەکان و خراپبوونی زیاتری گوزەران و دابەزینی زیاتری بەهای دراوی وڵاتانی ناوچەکە، بە عێراق و کوردستانیشەوە، سەرلەنوێ گرژی و ئاڵۆزی دەخاتە پەیوەندیی دەسەڵاتداران و هاووڵاتیانەوە، دۆخی سوریا، ئێران، لوبنان، یەمەن، تا رادەیەک عێراقیش ئاماژەی روونی ئەوەیان تێدایە کە ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت،بەداخەوە. 

لە کوردستاندا ئاسان نییە کە کارەبای رووناکی وەکو خۆی بەردەوام بێت، سوتەمەنی زۆر گران بووە و زستانیش لە ڕێیە، پرۆژەی خزمەتگوزاری کەمن، بەهای دیناری عێراقی رۆژ بە رۆژ دادەبەزێ، نرخی شتومەک و کاڵا بەرز بووەتەوە، دامەزراندنی نوێ نییە، دەیان هەزار دەرچووی نوێی زانکۆ و پەیمانگاکان بێکار ئەسوڕێنەوە..

کەرتی تایبەت بەشێک لە پرۆژەکانی وەستاوە و کەمترین دەرفەتی کار دەڕەخسێنن، بازاڕی کاسبیکردن ساردە، باج و رسومات زیادیان کردووە، کێشە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان لە هەڵکشاندان، ناوبەناو گروپی داعشیش سەرهەڵدەداتەوە، لەولاوە ئەمریکا لە ئەزموونی کوردستان نیگەرانە، ئێران و تورکیاو عێراق و سوریاش کار لەسەر خاڵی لاوازی دۆخی کورد بە گشتی و بەتایبەت کاراکتەرو سەرکردە سیاسییەکانی دەکەن.

ئەمڕۆ هەموو ئەمانە، پێویستە خەمی راستەقینەی بەرپرسان و میدیاکانمان بن و خەڵک تەنها بە ململانێ سیاسییەکان و بۆنەو فێستیڤاڵەکانەوە سەرقاڵ نەکەن.

- لە ئەکاونتی نووسەر وەرگیراوە.