وەکو مەلا مستەفا گوتی: پەتەکە بۆ گەردنی هەر (3)ـێکتانە!

مەحمود یاسین كوردی 11/09/2026   195 جار خوێنراوەتەوە

دوێنێ بەیانی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، گوتی: "هاوپەیمانان ڕێکارەکانی پرۆسەی کشانەوەیان دەستپێکردوە."

ئێوارەکەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، موژدەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕاگەیاند.

دو روداوی گرنگ لە سەر زمانی دو وەزیری سیادی یەکێتی و پارتی راگەیاندرا، بەڵام میدیاکان زۆر لە سەری نەوەستان!

هەرێمی کوردستان و عێراق لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە، بەتایبەت لە ٣٠ی ئەم مانگەوە تا کۆتایی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی ئەمریکا؛ پەکخستنی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکومەت و ئەو قۆڵبادان و ململانێیەی پارتی و یەکێتی، مەترسیدارە.

دۆست و هاوپەیمانەکانی کورد، لەو شێوازە مامەڵە و بێباکییەی ئەو دو حیزبە نیگەرانن و پێیان وایە کورد لەقە لە بەختی خۆی دەدات؛ لە ناو هەمو پارچەکاندا، تەنیا هەرێمی کوردستانی عێراق هەرێمێکی دەستوری، چەسپاو و ئێعتیرافپێکراوە، کەچی بەهۆی ناکۆکیی کوردەکانەوە خەریکە هەرێمەکەیان لاواز دەبێت.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە (کە یەکێکە لە داخوازیی فەسائیڵەکانی عێراق)، دەرگا بۆ زۆر ئەگەر و گریمانە واڵا دەکات؛ چ ڕێککەوتن بێت و چ شەڕی بەرفراوان، کورد دەبێت بۆ هەردو ئەگەرەکە خۆی ئامادە بکات و گوتاری خۆی یەکبخات.

کورد لە پارچەکانی تردا، دوای ئەو هەمو شەڕ و قوربانییە، خەبات دەکات تا بە زمانی دایک بخوێنێت و قەوارەیەکی هەبێت؛ ئێمە هەرێمیکی چوار پارێزگا + بەشێکی کەرکوک، دیالە، سەلاحەددین و نەینەوامان لە لایە، حکومەت، پەرلەمان و هێزی فەرمی خۆمان هەیە، کەچی خەریکە بە عینادی بەشێکی لە دەست دەدەین.

ئەفغانستان یان رۆژئاوا…

نابێ کورد سیناریۆی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و کشانەوەی پشتیوانی بۆ هەسەدە لە ڕۆژئاوا لەبیر بکات؛ یەکخستنی تورکیا، سوریا و عێراق لە قازانجی مەلەفی کورد لە عێراقدا نییە.

تۆم باراک و یەکخستنی سێ وڵات!

ئەو ڕۆژە لە کۆنگڕەی حیواری بەغداد، یەکێک لە قسەکەرەکان تێبینییەکی زۆر مەزنی خستەڕو، گوتی: "سێ کەس هەوڵی یەکخستنی سوریا و عێراقیان داوە؛ مەلیک فەیسەڵی یەکەم، میشێل عەفلەق و تۆم باراک!"

ئێ، تۆم باراک تورکیاشی هێناوەتەوە ناو باسەکە بروای بە دەوڵەتی مەرکەزی هەیە بروای بە هاوپەیمانی سێ قۆڵی تورکی، عێراقی، سوری هەیە؛ کردنەوەی دەروازەیەکی سنوری لە نێوان تورکیا، سوریا و عێراق وەک بەدیلی ئیبراهیم خەلیل، خۆی زەنگی یەکەم بو، بەس بەداخەوە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لەبەر دەستبادانی یەکتر، تەرکیزیان لەسەر نەبو!

ئێستا لە بەغداد بە ئاشکرا دەڵێن: "بۆ کاک بافڵ و کاک مەسرور هێزیان هەبێ، بۆ شێخ قەیس، حاجی عامری و ئەبوئالا هێزیان نەبێ!؟"

پرسیارێکی مەعقولە و وەڵامەکەش قورسە، چونکە کورد خۆی حکومەت و پەرلەمانی پەکخستوە و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی یەکنەخستوە ئەگەر بە شکڵیش بێت، تازە بە تازە ڕێگری لە مریشک، هێلکە و دەرمان لە نێوان هەولێر و سلێمانی دەکرێت!

پارتی ویەکێتی هاوچارەنوسن!

کەس باوەڕی نەدەکرد ئەمریکا بەو خێراییە دەستبەرداری هێزەکانی سوریای دیموکرات بێت و قەزیەی کوردی لە دروستکردنی فیرقە، پۆستی ڕاوێژکار و پارێزگاری حەسەکەدا کۆبکرێتەوە؛ ئەگەر دۆخی ئێران گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و فەسائیڵەکان وەکو ئەحمەد شەرع لەگەڵ ئەمریکا ڕێکبکەون، چارەنوسی هەرێم، پێشمەرگە و ئەزمونەکە بە کوێ دەگات؟!

زۆر گرنگە ئەو نەوەیەی لە نێو پارتی و یەکێتیدا دەسەڵاتدارە، تێبگەن بە درێژایی مێژو ئەو دو حیزبە هەمو شتێکیان بەرامبەر یەکتر تاقیکردوەتەوە تەنیا چەکی کۆکوژ و ئەتۆم نەبێ (ئەویشیان نەبوە دەنا دەستیان بۆ دەبرد)، کەچی یەکێتی هەر ماوە، ماڵی بارزانیش لە جاران بەهێزترن؛ کەواتە بەدیلی یەکێتی بۆ پارتی هەر یەکێتییە و بەدیلی پارتیش بۆ یەکێتی هەر پارتییە! کەواتە جگە لە پێکەوە ئیشکردن و بونیادنانی شەراکەت لەسەر بنەمای متمانە، هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەستدا نییە!

لە مەلا مستەفا فێربن!

لە کۆتاییدا قسەیەک بە بیری هەردو لا دەهێنمەوە: جەنابی مەرحومی مەلا مستەفای بارزانی لە لوتکەی هێز و توانای خۆیدا، کە خۆی حاکمی فیعلی و بێڕکابەری هەمو کوردستانی عێراق بو، ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ئیمزا کردبو و بەعس بەس حیسابی بۆ ئەو دەکرد، کەچی غرور نەیگرتبوی و زۆر حەکیمانە گوتبوی: "بە جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد بڵێن با بێنەوە ناو پارتی، ئێستا ڕێککەوتنمان لەگەڵ بەغدادە ئەوجا ترسمان زیاترە و سیقەم پێ نینە، پێیان بڵێن ئەو ڕۆژە مەلا مستەفا هەڵدەواسرێت، دەستی ڕاستم جەلال و دەستی چەپم ئیبراهیم ئەحمەدە، وامەزانن بە لەناوچونی من بەغداد حیسابتان بۆ دەکات!"

دوای نزیکەی ٥٦ ساڵ لەو قسەیەی مەلا مستەفا، ئەو قسەیە دوبارە دەکەمەوە و دەڵێم: واز لەو دەستبادان و پاشقوڵگرتنە لە یەکتر بهێنن؛ وەکو مەلا مستەفا فەرموی: ئەو ڕۆژە مەسرور بارزانیش بە دەستی دوژمن هەڵدەواسرێ، دەستی ڕاستی بافڵ تاڵەبانییە و دەستی چەپیشی قوباد تاڵەبانییە، هاوشێوەی باپیرانیان. 

واز بهێنن لەوەی پەنا بۆ بەغداد، تەران، ئەنقەڕەو واشتن ببەن لە هەولێر کێشەکان چارەسەر بکەن.

بۆیە وەرن لەسەر بەرژەوەندیی میللەت و بەرژەوەندی هاوبەش، لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، پەرلەمان کارابکەنەوە و حکومەتێکی بەهێز بۆ خزمەتی خەڵک دروست بکەن، ئەوە کوردستان ئەوەندە گەورە بە بەرەکەتە بەشی هەموتان بە زیادەوە دەکات.

هەموو وتارەکانی مەحمود یاسین كوردی