رۆژئاوای کوردستان داوای لێکۆڵینەوە لە شەهیدکردنی سامی حوزنی دەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
189 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) راگەیێندراوێکی لەبارەی شەهیدکردنی شەرڤان سیپان حوزنی بڵاوکردەوە و تێیدا بە تووندی سەرکۆنەی رووداوەکە دەکات. مەسەدە پێیوایە رووداوەکە پاڵنەری رەگەزی و نەتەوەیی لەپشتە و دەڵێت: "ئەم تاوانە سیمایەکی هەیە کە بەتایبەتی گەلی کورد بەئامانج دەگرێت."
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتدا هاتووە: "بە تووندی تاوانی بەئامانجگرتن و شەهیدکردنی شەرڤان سیبان (سامی شێخموس حەسۆ) شەرمەزار دەکەین."
سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، مەسەدە جەخت لە دەرخستنی راستییەکان دەکاتەوە و داوای پێکهێنانی لیژنەیەک دەکات، وەک لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "داوای لێکۆڵینەوەیەکی جیدی و بێلایەن دەکەین کە بە راشکاوی تاوتوێی ئەگەری پاڵنەری رەگەزی لەپشت تاوانەکە بکات."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات هۆشداری دەدات لە شاردنەوەی راستییەکان و ناسنامەی قوربانییەکان و رایدەگەیێنێت: "دادپەروەری و ئاشتبوونەوەی راستەقینە بە بێلایەنکردنی ناسنامەی قوربانییەکان بنیات نانرێن."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەشدا، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) "سەرەخۆشیی قووڵی" خۆی ئاراستەی بنەماڵەی شەهید سیپان و هەڤاڵانی کردووە.
|