ململانێکانی ناو گۆڕان، لە پێناو کوردایەتیدا نین.

د. موفید محمد نووری 08/09/2026   59 جار خوێنراوەتەوە

ڕەوانشاد ڕوشدی عەزیز ساڵح، خوشکەزای سەرکردە و خەباتگێڕ خاڵە شەهاب بوو (کە لە زیندانی بەعسدا شەهید کرا). ناوبراو وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێک لە کەسایەتییە هەرە نزیکەکانی نەوشیروان مستەفا بوو کە وەک کەسی دووەمی ناو بزووتنەوەی گۆڕان دەبینرا. ڕوشدی عەزیز چەندین جار بە نەوشیروان مستەفای وتبوو کە دەبێت بۆ دوای خۆی سەرکردایەتییەکی لێهاتوو دابمەزرێنێت؛ دەستەیەکی لێهاتووی هاوشێوەی خۆی پێبگەیەنێت تاوەکو لە هەلومەرجە سەختەکاندا کۆنترۆڵی ڕەوشەکە بکەن. بەڵام بەداخەوە ئەم پرسە بەسەر نەوشیروان مستەفادا تێپەڕی و نەیتوانی کەسێک لە دوای خۆی دابنێت کە بزووتنەوەکە بەپێی بیروبۆچوون و ستراتیژەکەی خۆی ببات بەڕێوە.

لە لایەکی ترەوە، ڕوشدی عەزیز بەهۆی هەڵکشانی تەمەنییەوە (کە لە هەشتاکاندا بوو) لە توانایدا نەبوو شوێنی نەوشیروان مستەفا بگرێتەوە. بۆیە بە کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، بزووتنەوەی گۆڕان تووشی گەورەترین پاشەکشە و شکست بوو. لە دوای ململانێیەکی توندی ناوخۆیی کە هیچ بنەمایەکی لۆژیکی و فەلسەفەیەکی ڕوونی سیاسی و ئابوورییان لەپشت نەبوو، دواتر ڕابەرایەتیی بزووتنەوەکە کەوتە دەست عومەری سەید عەلی، بەو پێیەی نەوشیروان مستەفا وەکالەتنامەی گشتی بۆ کردبووەوە.

بنەمای سەرەکی و جیاکەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حیزبەکانی وەک یەکێتی و پارتی، بوونی دامەزراوەی جڤاتی نیشتمانی بوو. بە پێچەوانەی ئەوان کە خاوەنی باڵی چەکداری بوون، لە دەستوور و پرەنسیپی گۆڕاندا دەبوو ڕێکخەری گشتی و سەرکردایەتی تەنیا لە ڕێگەی دەنگدان و هەڵبژاردنی دیموکراسییانەوە دیاری بکرێن. بەڵام شکستی سیاسی ڕێک لەوێوە دەستی پێکرد کە گۆڕان لەو هەلومەرجە هەستیار و سەختەدا نەیتوانی لە ڕێگەی دەنگدانەوە ڕێکخەرێکی گشتی بۆ خۆی هەڵبژێرێت؛ بۆیە لە دوای خۆی، عومەری سەید عەلیش ئەو وەکالەتنامە گشتییە و ئەرکی سەرکردایەتییەکەی سپارد بە دانای ئەحمەد مەجید. دوای دوو ساڵ لە ململانێی سەختی ناوخۆیی کە هیچ بنەمایەکی نیشتمانی و کوردایەتییان لەپشت نەبوو، بەڵکوو تەنیا شەڕی پلە و پۆست بوون. کۆنفرانسەکانی سلێمانی و کەرکووکیش بەبێ ئەنجام کۆتایییان هات و دواجار دەستوەردانی یەکێتی و پارتیش وایکرد کە باڵی گەڕەکی کوردسات قوت بکرێتەوە و گۆڕانی ڕاستەقینە لەو ململانێیەدا قووت بدرێت.

کاتێک بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩دا دامەزرا، بە ئاواتێکی گەورە، بە کۆمەڵێک بەها و بەرنامەی تۆکمە و بە پشتیوانییەکی فراوانی جەماوەرییەوە هەوڵی پیادەکردنی دیموکراسیی لیبڕاڵی دەدا. بزووتنەوەکە دەیویست بۆ درێژخایەن خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵک بکات نەک بەرژەوەندیی کەسی. فیکر و دیدگای گۆڕان بە تەواوی لە حیزبەکانی تر جیاواز بوو؛ نەوشیروان مستەفا خاوەن دیدگا و ستراتیژێکی ڕوون بوو، ئامانجی ئەو بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی کوردستانی، پەرلەمانێکی بەهێز، دادگایەکی سەربەخۆ و سیستمێکی تۆکمەی ئاسایشی نەتەوەیی بوو. بۆیە لەو سەردەمەدا نەک تەنیا لە عێراقدا حیسابی تایبەتی بۆ دەکرا، بەڵکوو وڵاتانی ناوچەکە و ناوەندە دیپلۆماسییەکانیش لە نزیکەوە چاودێریی هەنگاوەکانیان دەکرد.

من خۆم لە مانگی ٧ی ساڵی ٢٠٠٩ و لە گەرمەی کار و چالاکییەکانی بزووتنەوەی گۆڕاندا، وەک چاودێرێک لە مەکۆی سەرەکی لە گردی زەرگەتە بووم؛ لە ژووری کاک حەمە تۆفیق کە ئەو کات سەرکۆی جەلالی میرزا کەریمیش لەوێ بوو. لەو ڕۆژەدا شاندێکی پەیمانگەی توێژینەوە (تینک تانک)ی تورکیا لە ئەنقەرەوە هاتبوونە گردەکە و بەدوای "مام ڕۆستەم"دا دەگەڕان. دوای هەوڵێکی زۆر مام ڕۆستەم هات و منیش ئەرکی وەرگێڕانم لە نێوانیاندا گرتە ئەستۆ. پرسیاری سەرەکیی شاندە تورکییەکە لە مام ڕۆستەم ئەوە بوو: ئایا لە ئایندەدا هیچ ئەگەرێکی پێکدادانی سەربازی لە نێوان گۆڕان و یەکێتیدا هەیە؟ مام ڕۆستەم بە وریایی و ژیریی خۆیەوە بە ڕوونی دووپاتی کردەوە و گوتی: بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەیەکی مەدەنی و سیاسییە؛ ئێمە نە چەکدارمان هەیە و نە تانک، ئێمە بزووتنەوەیەکی سیاسیین و هیچی تر.

دەبێت ئەوە بزانین کە چارەنووسی بزووتنەوەی گۆڕان جیاواز نییە لەو تەوژم و پڕۆژە سیاسییە ناکامانەی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و تەنانەت لە ئەورووپاشدا سەریان هەڵدا؛ وەک ئەوەی لە ئەورووپا بەسەر کەتەلۆنییەکان لە ئیسپانیا هات، کە لەوەتەی "کارلێس پوجدمۆنت"ی سەرکردەیان هەڵات، بزووتنەوەکەیان کز بوو و بەرەو پاشەکشە و لەناوچوون چوو، هاوشێوەی ئەوەی بەسەر بزووتنەوەی گۆڕاندا هات، یاخود ئەوەی بەسەر بزووتنەوەی ئێرلەندییەکان، خەباتی شۆڕشگێڕەکانی باشووری ئەفریقا و شەپۆلی شۆڕشەکانی "بەهاری عەرەبی"دا هات. هەموو ئەم پڕۆژانە بە خەونی گەورەی جەماوەری و بە دروشمی دیموکراسیی لیبڕاڵی و چەمکە شۆڕشگێڕییەکانەوە هاتنە مەیدان، بەڵام سەرەنجام نەیانتوانی ئاوات و ئومێدی خەڵک بەدیبهێنن. کەواتە پاشەکشەی گۆڕانیش دابڕاو نییە لەو شەپۆلە گشتییەی کە لە جیهاندا دۆخی بەم ئاراستەیەدا بردووە، بەتایبەت کاتێک تەوژمێکی ڕاستڕەو دەیەوێت سەرکردایەتیی گۆڕانکارییەکان بگرێتە دەست.

دابەزینی پێگەی جەماوەریی گۆڕان و کەمبوونەوەی کورسییەکانی لە ٢٥ کورسییەوە بۆ نزیکەی سفر، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی پەنابردن بوو بۆ پۆپۆلیزم و نەبوونی دیدگایەکی ستراتیژیی ڕوون لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا. گەورەترین کێشەی گۆڕان ئەوە بوو کە کۆمەڵە کەسانێک لە بزووتنەوەکە نزیک بوونەوە و ڕێڕەوە ڕەسەنەکەیان بە ئاراستەی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان لادا، کە لە خەمی بزوتنەوەکە نەبوون، بەڵکو لە خەمی پلەو پۆست و پارەو پول بوون. لە کایەی سیاسەتدا هەمیشە دەرفەت بۆ کارکردن و گۆڕانکاری بوونی هەیە، بەڵام ئەمە پێویستی بە سەرکردە و خەڵکی ئازا، کۆڵنەدەر و ماندووبوونی گەورە هەیە؛ هەروەها ئامادەیی دەوێت بۆ بەخشینی قوربانی لە پێناو ئامانجە باڵاکاندا.

لە کۆتاییدا دەڵێم: تانەدان لە بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و پەنابردن بۆ دادگاکان کە دەیانەوێت گۆڕان لە باڵی گەڕەکی کوردساتدا جێگیر بکەن هەوڵێکی بێهوودەیە. پێویستە باڵی دیموکراتی و شۆڕشگێڕی ناو گۆڕان چیتر وزە و هەوڵەکانی لەم ململانێ بێئاکامانەدا بەفیڕۆ نەدات؛ بەڵکوو دەبێت لەبری کات کوشتن بە سەرقاڵبوون بە باڵی کوردسات و تانەدان لە بڕیارەکان، بیر لە ڕێگەچارەیەکی نوێ بکەنەوە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی تێیکەوتوون. ئاماژەکانی ونبوونی ستراتیژ و بەلاڕێدابردنی ئامانجەکانی گۆڕان هەر لە قۆناغە سەرەتایییەکاندا بەدیار کەوتن؛ کاتێک چوار پەرلەمانتار و کەسایەتیی دیاری بزووتنەوەکە (شاهۆ قادر، زانا ڕەئوف، جەعفەر عەلی و پەیمان عیزەدین) بەهۆی بێئومێدبوونیان لە ئاراستەی سیاسیی بزووتنەوەکە، دەستیان لە پەرلەمان کێشایەوە و لە حیزبەکە کشانەوە. دەبوو هەر لەو کاتەوە سەرکردایەتیی گۆڕان هەڵوێستەیەکی جددیی لەسەر هۆکاری کشانەوەی ئەو چوار کەسایەتییە بکردایە، نەک پەراوێزیان بخات و پشتیان تێبکات بەبێ ئەوەی لێپێچینەوە لە هۆکاری وازهێنانیان بکات.

کەواتە ئەوەی ئەمڕۆ لە ناو گۆڕاندا دەگوزەرێت هیچ پەیوەندییەکی بە خەمی کوردایەتی و بەرژەوەندیی خەڵکەوە نییە؛ بەڵکوو تەنیا ململانێیەکی بێهوودە و بێ‌بنەمایە لە پێناو گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵات و بەفیڕۆدانی سامانی ماددی و مەعنەویی کۆمەڵگە.

هەموو وتارەکانی د. موفید محمد نووری