"شانۆی پیانۆ لە هەولێر"

ئەحمەد ستار 08/09/2026   29 جار خوێنراوەتەوە

"دیمەنێک لە ویژدان شوان کەریم و شانۆی پیانۆ لە هەولێر"

هەندێک جار مرۆڤ، بەبێ ئەوەی خۆی بزانێت، لە کاتێکی گونجاودا دەچێتە شانۆ؛ نەک تەنها بۆ ئەوەی چەند کاتژمێرێک لە ژیانی ڕۆژانە دوور بکەوێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی شتێک لە خۆی و دەوروبەری خۆی لە نوێوە ببینێت.

شانۆی «پیانۆ»، کە لە ٥ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە هەولێر دەستی بە نمایش کردووە و بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی جارێکیتر بیر لە گرینگیی بوونی شانۆ لە ژیانی کۆمەڵگەکەمان بکەینەوە، من پێم وایە گرینگیی شانۆ تەنها لەوەدا نییە کە چیرۆکێک بگێڕێتەوە یان بینەر بخاتە پێکەنین. گرینگییەکەی لەوەدایە کە دەتوانێت مرۆڤ بۆ چەند ساتێک لە دەرەوەی ژیانی خۆی بوەستێنێت و وای لێ بکات لە شتێک بڕوانێت کە ڕۆژانە، بە ئاسایی پێیدا تێدەپەڕێت.

کاتێک دەچینە شانۆ، لە ڕاستیدا تەنها نمایشێک نابینین؛ خۆمانیش لە ناو ئەو چیرۆکەدا دەبینین. «پیانۆ» لەسەر بنەمای چیرۆکی پارێزەرێک دروست کراوە کە لەگەڵ فشارەکانی ژیان و بڕیارێکی قورس بەرەوڕوو دەبێتەوە؛ بڕیارێک کە پەیوەندی هەیە بە نان و بژێوی، داد و ویژدان و ئەوەی مرۆڤ تا کوێ دەتوانێت لەسەر بنەماکانی خۆی بوەستێت، نمایشەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی و تێکەڵ بە میوزیکی ڕەسەن و گۆرانی پێشکەش دەکرێت.

ئەوەی  زیاتر سەرنجی منی ڕاکێشا لەم نمایشە، بینیم کە پرسیارێکی گەورەتری وروژاند: کاتێک ژیان بەردەوام داوای ئەوەت لێدەکات کە بنەما و پیرۆزیەکانت بفرۆشی بۆ ئەوەی ئاسانتر بژی، چی دەکەیت ؟ دەبێ چی بکەی ؟ هەڵبەتە وەڵامی ئەو پرسیارەش هەمان ئەو شتەیە کە شانۆ دەتوانێت بۆ کۆمەڵگە بیکات: پاراستنی ئەو چینە لە مرۆڤەکان کە هێشتا دەتوانن بپرسن، ڕەخنە بگرن و بڵێن «نەخێر».

 هونەر دەبێت ئازاد بێت بۆ ئەوەی بتوانێت کاری خۆی بکات. هونەرێک کە هەمیشە لە ترسی دەسەڵات یان بەرژەوەندییەکاندا بێت، توانای پرسیارکردنی لەدەست دەدات. شانۆ و سینەما کاتێک بەهادارن کە بتوانن مرۆڤ بخەنە ناو بیرکردنەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو بیرکردنەوەیە هەندێ جار ناخۆشیش بێت. ئەوەش جوانترین شتی شانۆیە؛ کە بینەر دەگەڕێتەوە ماڵەوە، بەڵام نمایشەکە هێشتا لە ناو هزریدا لە لێکدانەوەی بەردەوامە. چیرۆکەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام پرسیارەکە هێشتا ماوە.

«پیانۆ» لە هەولێر دەکرێت تەنها نمایشێکی چەند شەو نەبێت؛ دەتوانێت بیرخستنەوەیەک بێت بۆ هەموومان کە شانۆ هێشتا پێویستە و هونەر هێشتا دەتوانێت لە دروستکردنی مرۆڤێکی هۆشیارتر و کۆمەڵگەیەکی زیندووتر بەشدار بێت.لە کۆتاییدا، ئەو «پیانۆ»یەی لە نمایشەکەدا بینیم ، تەنها پیانۆ نەبوو؛ بەڵکو  ئاوازی : ویژدان، ئازادی و هونەری دەژەنی. 
سوپاس شوان کەریم، سوپاس بۆ شانۆکاران دوای وچانێک دیسان تینویەتی هەولێر و بینەرانتان شکاند.
ئەحمەد ستار