ئایین وەک کەرەستەی ململانێ و فریودانی کۆمەڵگە بە دەست هەندێک کەسەوە!.

هاوکار عیزەت مەیکە 27/08/2026   138 جار خوێنراوەتەوە

لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لەبارەی گۆرینەوەی دۆلار و دینار بۆ گەشت و سەفەر، دوو بۆچوونی تەواو دژ بە یەکی دوو کەسایەتی دیار و ئاینیی کۆمەڵگەم بینی کە لەسەر شاشەی تیڤی و سۆشیاڵ میدیاوە پرسیاری هاوڵاتیان وەڵام دەدەنەوە و وەک موفتییەک دەردەکەون و فەتوای حەرامی و حەڵاڵی لەسەر بابەتەکان دەدەن. 

یەکیکێان زۆر بە ڕەهایی بابەتەکە حەرام دەکات و ئەوی تریشیان ڕەوایەتی دەداتە بابەتەکە ( هەردوکیشیان بۆ سەلماندنی بۆچونەکانیان ئایەت و فەرمودەی پیرۆز دەخەنەروو).

ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشێک لە کۆمێنتی هاوڵاتیانم خوێندەوە کە بۆ هەردووکیان نوسراون، هەموو ئەوانەی کە قسەیان لەبابەتەکە کردوە یان دەستخۆشی و پشتگیرییان بۆ رای هەرکامیان نوسیوە، یان ڕا و بۆچونی ئەوی تریانی بە نمونە هێناوەتەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم، خۆ هەندێکیشیان هێندە توند قسەیان کردوە کە هاکا فتوای کوشتنیان بۆ بە حەڵاڵزانانی بابەتەکە دەرکرد.

هێندەی کە گوێم لەو بەرێزە گرت کە وەک موفتی هاتوە بابەتەکە حەرام دەکات، ئەسڵەن خودی خۆی لە بابەتەکە تێنەگەشتوە و هێشتا لە سەردەمی (ترێ بە گەنم)دا دەخولێتەوە و نازانێت ئەسڵی بابەتەکە چۆنە و ڕێکارە دارایی و بانکیەکان چۆنن و پێی وایە کۆمپانیای حەج و عەمرە ئەو بڕە دینارە وەردەگرێت و دەیگۆرێتەوە بە دۆلار، لە کاتێکدا ئەمە کاری حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندیییە و رێکاری تایبەتی خۆی هەیە.

 لەروی رێکاری دارایی و بانکییەوە، هاوکات لە بابەتەکانی تایبەت بە ئابووی ئیسلامی و مامەڵە داراییەکاندا کە من تا ئێستا بینیبێتم و شارەزاییم هەبێت و خوێندبێتمەوە، ئەم بابەتە هیچ کێشەیەکی شەرعی نییە و بەو جۆرەی کە ئەسڵی مامەڵەکە بەرێوە دەچێت کارێکی زۆر ئاسایی و ڕێکارێکی زۆر دروستە و هیچ گرفتێکی دارایی و شەرعی تیا نییە.

گرنگە کە حکومەت و لیژنەکانی فەتوا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم حاڵەتدانەدا قسەی جدییان هەبێت و ڕێگە نەدەن کەسانێک کە بە هەڵە بێت یان بە ئامانج و مەبەستێکی دیاریکراو بکەونە وێزەی گیانی خەڵک و و مامەڵەکانیان دوردۆنگی دووبەرەکی لە نێو خەڵکدا دروستنەکەن بە فەتواکانیان کە هیچ کەس رێگەی پێنەداون فەتوا بدەن!.

ئەو بەڕێزەی کە بابەتەکە حەرام دەکات چەند جارێک لەسەر یەک دەلێت( حەرامە، حەرامەم حەرام، ریبایە ، ریبایە ، ریبا) ئەسڵەن ئەڵێت کە سەفەرت بۆ ماڵی خواش کرد بەو پارەیە حەج و عەمرەکەت قبوڵ نییە و تاوانەکەیت لەسەر ناسرێتەوە و دوایی مەڵێ بێ ئاگابووم لە ریبا و حەرامییەکەی.

سەیرە تۆیەک کە ئەسڵی بابەتەکە تێنەگەشبیت و نەزانیت خودی مامەڵەکە چۆنە و چۆن رێکارەکان ئەنجام دەدرێن بێیت فەتوایەکی وەها بدەیت و دەست بۆ بابەتێکی هەستیاری وەها بەریت.

هاوکار عزت