پەیامی ئاشتی ئۆجەلان
د.ئیدریس عەبدول کاکە
01/03/2025
597 جار خوێنراوەتەوە
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بابەتێکی هەستیارو ئاڵۆزە و هەروا سانا نیە بەپەیامێک هەموو شتێک کۆتایی بێت ، دوای پەیامی ئۆجەلان چاوەروانی هەنگاوی راستەقینە ئەکرێت کە ئەوەش پشکی گەورەی ئەکەوێتە سەرشانی ( ئاکەپە و مەهەپە و جەهەپە) تاکو ئامادەکاری بکرێت بۆ هەمواری دستور و بەرجەستەکردنی مافەکانی گەلی کورد لەباکور، وەکو ئەڵێن شەیتان لەوردەکاریەکاندایە ، ئەوکات نیەتەکان دەرئەکەون کە تورکیا ئاشتی راستەقینەی ئەوێت یاخود نا؟؟؟
بەهەر حاڵ هێشتا کاتی پێویستە تاکو لە راستەقینە و نیەتەکان بگەین . ئەگەر نیەتی ئاشتی راستەقینە نەبێت لە ماوەیەکی کورتدا شەرێکی تری خوێناوی هەڵئەگیرسێتەوە کە من بەدوری ئەبینم ئەم ئەگەرە، بەڵام ئەگەر ویستێکی راستەقینە هەبێت :
» ئۆردوگان بەم هەنگاوە ئەیەوێت دەوڵەتی تورکیا لە زیانەکانی نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوین بپارێزێت و بەدەردی جەنگی جیهانی یەکەم نەچێت.
» ئۆردوگان لەم رێگایەوە بەگەلی تورک ئەڵێت من ئەندازیاری رزگار کردنی تورکیام لە جەنگێکی ناوخۆیی و ئەوەی لە ئەدەبیاتی تورکیا پێی دەوترا جەنگی تیرۆر کە تورکیا نیو سەدەیە پێوەی ئەناڵێت ئەوە من کۆتاییم پێهێنا.
» دەوڵەت باخچەلی مێژوویەک بۆ خۆی و حیزبەکەی تۆمار ئەکات لە دروست کردنی دەستپێشخەری بۆ ئاشتی کۆتایی هێنان بەجەنگ ( ئەوەی تورکەکان بەجەنگی تیرۆر ناوزەدی ئەکەن).
» ئۆجەلان پاش بیست و شەش ساڵ لە زیندانەوە لەوە گەیشتووە لە رۆژگاری تەکنۆلۆجیادا ، شەر کردنی پارتیزانی و بەچەکی سادە بەرامبەر زلهێزێکی خاوەن تەکنۆلۆجیای سەربازی سەردەم ناتوانێت دەسکەوتی هەبێت و بێئەنجامە.
» ئۆجەلان بەجیهان ئەڵێت ئێمە حزبێکمان دروست کرد لە رۆژگارێکدا کە مۆدێلی خەباتی رزگاری گەلان بوو نیو سەدە خەباتی چەکدارمان کرد بۆ ئامانجێک ئەویش مافی گەلی کوردە لەباکور هەر کات دەوڵەت بە ئاشتی ئەو مافانە دەستەبەر بکات ئامادەین کۆتایی بەو حزبە بهێنین کە لە پێناوی ئەو ئامانجەدا دامەزراوە.
» ئۆجەلان بەم هەنگاوە وەکو کەسایەتیەکی نێودەوڵەتی ئەناسێرێت کە ٢٦ ساڵ بەرگەی زیندانی گرت و بزوتنەوەکەشی دانەمرکایەوە و دواجار دەوڵەتی تورکیا ناچار بوو پەنای بۆ بەرێت تاکو دەوڵەتەکەی لەمەترسی رزگار بکات.
» دوو دەوڵەتی زلهێزی ناوچەکە ( تورکیا ، ئێران) ئەگەر هەیە بکەونە بەر رەحمەتی نەخشە نوێیەکەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باشترین هۆکاریش کوردە بۆ جوڵانی گۆرەپانی مەنگیان ، ئەوانیش زیرەکانە دەست پێشخەری ئەکەن و رێگری لە زیانی گەورەتر ئەکەن.
» پەکەکە خۆی هەڵئەوەشێنێتەوە و باڵە سیاسیەکەی والە گۆرەپانی پەرلەمانی کارئەکات لەژێرناوی (دەم پارتی) سەرکردەکانی خەباتی چەکداری وەکو ( قەرەیەڵان، جمیل بایک، ئەوانی تری هاوشێوە )خۆیان وون دەکەن و بەشاراوەیی کاری خۆیان ئەکەن.
» پەکەکە هێزە سەربازیەکەی لەژێرناوی ( پەژاک) بەردەوام ئەبێت ، کەواتە هەڵوەشاندنەوەو چەک دانانی پەکەکە تەنها بریتی ئەبێت لە ( بەکارنەهێنانی ناوەکەو ئاڵاکەی ).
» ئۆجەلان بەم هەنگاوە رۆژئاوا ئەپارێزێت و ئەیکات بە کیانێکی دستوری و پارێزراو راستە پەکەکە هەڵئەوەشێتەوە بەڵام وەکو مۆدێلی حوکمرانی لە رۆژئاوادا خۆی نمایش ئەکات.
» هەرێمی کوردستان سودمەندئەبێت لەم ئاشتیەو ناوچەکانی پارێزراو ئەبێت و پریشکی شەری کاولکاری و جەنگی درۆن و فرۆکەی لێدور ئەکەوێتەوە هەربۆیەش سەرکردەکانی باشور رۆڵیان هەیە لەم پرۆسەیەدا و پێشوازیان لە پەیامەکە کرد.
» پرۆسەی ئاشتی تورکیا کە پێم وایە جگە لە ئەو لایەنانەی بەئاشکرا ئەبینرێن لەپرۆسەکەدا وەکو رکابەرو چ وەکو هەماهەنگکار لایەنی تری گەورەتریشی تێدایە و ئەکرێت بڵێین ویستێکی نێو دەوڵەتیە.
» کەواتە لەم پرۆسەی ئاشتیەدا ئەگەر نەخشەکە وەکو خۆی بەرێوەبچێت هەمووان سودمەند ئەبن.
|
هەموو وتارەکانی
د.ئیدریس عەبدول کاکە