میدیای کوردی خەریکی چییە؟
د. بەناز حمە رشید
02/10/2025
507 جار خوێنراوەتەوە
ڕاگەیاندن ڕۆڵی گەورەی لەژیانماندا هەیە، ئامرازێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان، گرنگترین هۆکارە کۆمەڵگە تازەکان بۆئاڵوگۆڕی زانیاری ودروستکردنی کاریگەری لەسەر ڕەفتاری کۆمەڵ پشتی پێدەبەستن.
بیرمەندی ئەمەریکی والترلیمان پێی وایە ڕاگەیاندن لەوەی خەڵک فێربکات چۆن بیربکاتەوە شکستی هێناوە، بەڵام بەدیوەکەیتردا خەڵک فێردەکات بیر لەچیبکاتەوە سەرکەوتووە، ئەم ووتەیەی ئەوبیرمەندە ئاماژەیە بۆ ئاراستەکردنی جەماوەر کە بیرلەچی بکاتەوە، لەڕێی دیاریکردن و هەڵبژاردنی پەیامەکانیەوە بۆ جەماوەر، ڕاگەیاندن بەچەندین شێواز کاریگەری لەسەر وەرگر دروستدەکات.
میدیای کوردیش بێبەش نییە لەوئاراستەکردنە، ڕۆژانە لە میدیا کوردییەکانەوە دەیبینین، بێگومان دەزگا بۆدەزگا جیاوازی هەیە، زۆرێک لەمیدیاکان بەمەبەست چ بابەتێکیان بوێت لەقەبارەی خۆی گەورەتری دەکەن و چ بابەتێکیشیان نەوێت لەقەبارەی خۆی بچوکتری دەکەنەوە و گرنگی پێنادەن، ئەمەش بەمەبەستی چەسپاندنی ئەو پەیامەیە لای بینەر.
لەناو کاری میدیادا جۆرێک لە دروستکردنی کاریگەری هەیە، ئەویش پیشاندانی واقیعە بەوشێوەیەی کە دەزگاکە دەیەوێت، لە داڕشتنی واقعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری کۆمەڵگەدا، واتە میدیا بەشێک لەو واقیعە پیشانی بینەر دەدات وەک بڵێی لەڕاستیدا ئەوە واقعی ئەو کۆمەڵگەیەیە، یان ڕەنگدانەوەی هەمو کۆمەڵگەیە، لەڕێی دروستکردنی وێنەیەکی زهنی(image) لای بینەر، بەمەبەست ئەو پەیامە دەگەێنێت کە واقعی کۆمەڵگە بریتییە لەوە، یان کۆمەڵگە بەوشێوازە دەژی کەلە ڕاستیدا وانیە.
بۆنموونە لەکاتی دەرچوونی تەلەفونی زیرەکی ئایفۆن حەڤدە، هەندێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن وەک بڵێیت داهێنەرێکیان دۆزیوەتەوەو لەسەر داهێنانەکەی پرسیاری لێدەکەن، بەدوای ئەو کەسانەوە بوون کە یەکەم کەسن کڕیاری ئەو تەلەفونانەن، ئەمە لەکاتێکدایە کە خەڵک لەوەزعێکی ئابوری خراپدا دەژین، و موچەخۆران چەندین مانگە موچەیان وەرنەگرتووە، خەڵکانێکیش کرێی ماڵیان پێنادرێت وپێداویستییەکانی ڕۆژانەیان پێ دابینناکرێت، بەڵام بەشێک لە میدیای کوردی خەریکی پیشاندانی خەڵکێکی تێروپڕبوون وەک بڵێت خەڵک تەنها لەو تەلەفونەیان کەمە و کێشەیان نیە.
زۆرجاریش دەبینین کە، میدیایەک گرنگی بە بابەتێک یان کەسایەتییەک دەدات و زۆرترین بڕی ڕووماڵ یان پەخشی بۆتەرخان دەکات لەسەر حسابی بابەت و کەسانی دیکە، ئەو میدیایە مەبەستێتی ئەو بابەتە لای بینەر بچەسپێنێت بە بەکارهێنانی ئەو کەسایەتیانە، بەچڕی کاری لەسەر دەکەن و دەیکەنە بیری زاڵ بەئامانجی بەرکەوتنی جەماوەر بەو پەیامە بێگومان ئەم کارە بێ مەبەست نییە، مەبەست و ئامانجی لەپشتە، بەڵام پێویستە تاک لەوەهۆشیارتربێت بەئاسانی باوەڕ نەکات و درکیپێبکات.
|
هەموو وتارەکانی
د. بەناز حمە رشید