ئەوشەوەی سلێمانی تیایدا ناشرینکرا

د. بەناز حمە رشید 28/08/2025   695 جار خوێنراوەتەوە

دوور لەحزبایەتی و لایەنگیری وەک کەسێکی بێلایەن و هاووڵاتییەکی شاری سلێمانی دەمەوێت ئەوەی لەناخمدایە بیخەمەڕوو، چونکە ئەوەی کە لە شەوی ٢٢ی ئاب) لەشاری سلێمانی ڕوویدا لەوباوەڕەدام بووە جێی داخی دانیشتوانی ئەم شارە و خۆشحاڵی ناحەزان، لەبەرئەوەی سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیری و شاری ئەدیبان و نوسەران و بیرو ڕاجیاوازەکان و بیروڕا جوانەکان ناسراوە، شاری هونەرو کۆکردنەوەی خەڵکە جیاوازەکانە، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەو هەموو شتە جوانانەی کە سلێمانی خاوەنێتی ئەم شارە ناشرینکرا ئەم شارە بریندارکرا کە نەدەبوو ئەوەی ڕویدا ڕووبدات.

شەوی ٢٢ی ئاب، ئەوشەوەی کاژێر ٣:٣٠ی بەرەبەیان لەگەرمەی خەو و لەدەنگی زرمەی تۆپ و تەقەی تفەنگ و بیکەیسی و ئاڕبیجی هاووڵاتیان بەخەبەر هاتن، کاتێک هەمووان بینیمان کارەسات ڕویداوەو دنیا خرۆشاوە، شار لەناو دوکەڵی شەڕدایە، ئاسمانی سلێمانی بەشەوق و ڕەنگی تەقەمەنییەکان ڕەنگدەداتەوە، دەبینین گەنجی کورد پەلاماری گەنجی کورد دەدات بەکوشتنی یەکتر دڵخۆشن، بێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ دانیشتوانی ئەم شارە بکرێت، بێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ ئەوەبکرێت کە هاووڵاتی نەخۆش هەیە بەساڵاچوو هەیە، یاخود ئەم شارە بێگانەی تێدایە، گەشتیاری تێدایە، لەکاتێکدا ئەم شارە بەشاری ئارامی و شاری ڕۆشنبیری و بەشاری جیاوازی بیرو ئایدیا ناسراوە، بەڵام بەداخەوە ئەم شارە ناشرینکرا، بریندارکرا.

ئاخر چۆن دەبێت بۆیەکلاکردنەوەی کێشەو ململانێکان بەنیوەی شەو لەناوجەرگەی شاردا ئەو هەمو چەکە قورسە بەکاربهێنرێت و جۆرەها هێزی چەکداری لەبەرامبەریەک بەکوشتنی یەکتر دڵخۆشبن، لەوشەوەدا چەندین منداڵ لەنازی باوک بێبەشکران، چەندین ژن بێوەژن کران، چەندین دایک جەرگ سوتاوکران، ترس و تۆقاندن خرایە ناودڵی هاووڵاتیانەوە، زیانێکی زۆری مادیی بەماڵی خەڵک گەیەنرا، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر خرایە ناو دڵی هاووڵاتیانەوە باشە ئەمانە هەمووی لەپێناوی چیدا؟ ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە ئەو ڕووداوە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئەم شارە دروستدەکات، لەڕووی ئاشتی و پێکەوەژیان و سەقامگیری کۆمەڵایەتی و دەروونی، لەڕووی دیموکراسیشەوە دیسان کاریگەری خراپی دەبێت لەبەرچاوی ناوخۆو ناوچەکەو ووڵاتانی دەرەوە، لەهەمووی ناخۆشتر بێدەنگبوونی سەرجەم حزبەکانی ئەم شارەبوو کە تەنها تەماشاکەربوون، ئیتر خەڵک چ دڵێکیان پێخۆشبکەن، ئەوانە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەن.

 لەکاتێکدا بەهۆی نەدانی موچەوە خەڵک لەبارێکی دەرونی خراپدا ڕۆژەکانیان بەڕێدەکەن، ئەگەر سەیرێکی ناوبازاڕ بکەن دەزانن چەندە خەڵکانێکی نەدار زۆربووە داوای  پارەی لەفەیەکت لێداوا دەکەن، کەچی نەک هەر موچە نەدرا بەڵکو لەجیاتی موچە ترس و دڵەڕاوکێ و شەڕو ئاژاوەی بۆهات، باشە ئەبێت خەڵک چ گوناهێکی هەبوبێت هەتا توشی بارودۆخێکی پڕ لە تۆقاندن و ترس و زیان بێتەوە.