دۆخی تاڵی سیاسەت
د.عەدالەت عەبدوڵا
23/08/2025
245 جار خوێنراوەتەوە
لە چرکەساتی نیگەرانی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەدا، دەبێ ڕاشکاوانه بوترێ: سیاسەت لە هەرێمدا، بەداخەوە، بەرهەمهێنەر نییە، ئەوەشی کە هەیە نەک خواستی لەسەر نییە، نەک بێ بەهاکراوە، بەڵکو لە باشترین حاڵدا زوخاوی قەیرانەکانەو ساڵ بۆ ساڵ، بە ئازارەوە، ئەنۆشرێت.
سیاسەت، کە لە فکر، لە پلان، لە ستراتیژ خاڵی بوو و بەرنامە و تەگبیری تەنها یەک ساڵی داهاتووشی پێ نەبوو، کە ئەمانە بەگشتی پێویستییان بە (رجل الدوله) هەیە، ئەوا نابێتە هیچ کانگای بەرهەمهێنانی قەیرانەکان نەبێ، خۆبەخۆ، وەریش ئەچەرخێ بۆ کایەی بەڵێن و دروشمەکان و هیچی تر.
دەوڵەتمەدار ئەوەیه کە لە خەمی گشتیدا بێت و دوا شتێک کە پەرۆشی بێت، ژیانی تایبەتیی خۆی بێت نەک، وەک ئێرە، بە پۆزەوە نمایش بکرێ، کێبەرکێ بێ لەسەر خۆجیاکردنەوە لە چینی جیاوازی کۆمەڵ و ڕەشوڕووتی وڵات!.
پیاوی دەوڵەت ئەوەیە کە دادپەروەرانە دەسەڵات و سامانی گشتی دابەش بکات نەک دەلاقەی جیاوازیی چینایەتی و جیاوازیی خزمەتگوزاری لە کۆمەڵگادا فراوانتر بکات.
گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەی کە سایکۆلۆژیاو بونیادی سۆسیۆلۆژیی چینی کاربەدەستان لەم هەرێمەدا، بەتایبەت ئەوانەیان کە ئەم قەزاوەتانە دەیانگرێتەوە، پێویستییان بە زۆر توێژینەوەی ورد هەیە تا تێبگەین ئەمانە بۆ وان؟ چ جای لە ناو نەتەوەیەکی غەمگینا کە ڕۆڵەکانی، نەوە دوای نەوە، بەداخەوە، سەر دەنێنەوەو خەونەکانیان و چاوەڕوانیی هاوزمانانیان لەگەڵ خۆیاندا دەنێژن، ئەمە لەکاتێکدا کە وڵاتێکمان هەیە پڕ لە خێر و بێرو سامانی زۆر و زەوەند، بەڵام حەیفێ ئاوها دەسکورت و هەژاریش لە عەقڵی بەڕێوەبردن و ڕوحی پەرۆشی و بەرپرسیارێتی..
|
هەموو وتارەکانی
د.عەدالەت عەبدوڵا