حکوومەتی هەرێم مووچەی فەرمانبەرانی لە قەرزدا خەرجکردووە
2025-02-14
146 جار خوێنراوەتەوە
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کردووە لە دوو ساڵی رابردوودا ترلیۆنێک دیناری مووچەی فەرمانبەران لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە بۆ دانەوەی قەرزەکانی بەکارهێناوە بەوەش کێشە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دروستبووە.
بە گوێرەی ئەو نوسراوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کە لە لایەن سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق بڵاوکراونەتەوە حکومەتی هەرێم لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە یەک ترلیۆن دینار قەرزی داوەتەوە بەعێراق.
دانەوەی ئەم قەرزانە لە کاتێکدایە لە دوو ساڵی رابردوودا حکوومەتی هەرێم چوار مووچەی تەواوەتی فەرمانبەرەکانی قەرزارە و دابەشی نەکردوون.
هەر بە گوێرەی نوسراوەکان لەماوەی ساڵانی 2023 و 2024 لە 85٪ـی ئەو قەرزانەی حکومەتی هەرێم کە بۆ مووچە خەرجکراوە، حکومەتی عێراق لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی بڕیووە و قەرزەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو بانکەی کە قەرزەکەی بە حکومەتی هەرێم داوە.
ئەو بڕە پارەیەی حکوومەتی هەرێم وەک قەرز بۆ عێراقی گەڕاندوەتەوە بەشی مووچەی مانگێکی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە هیچ کام لەو نوسراوانەی کە لەسەر دواکەوتنی مووچە و دیارنەمانی ئەو پارەیەی لە عێراقەوە هاتووە باسی لەوە نەکردووە کە هیچ بڕە پارەیەکی بۆ دانەوەی قەرزەکانی عێراق خەرج کردبێت و ئەو پرسەی لە رای گشتی شاردوەتەوە.
جیا لەوە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە دابینکردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم لە ئەولەویەتی کارەکانیاندایە بەڵام بە ئاشکرابوونی ئەم دۆسیەیە دەردەکەوێت بۆ دانەوەی قەرزەکانی لە مووچەی فەرمانبەرانی بڕیوە.
جیا لەوە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا بەردەوام نەوتی بە قاچاخ فرۆشتووە و دیار نیە داهاتەکەی لە چیدا خەرجکردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا داهاتی ساڵانەی ناوخۆ زیاتر لە ٤ ترلیۆن دینار بووە کەچی لە پارەی مووچەی فەرمانبەران قەرزەکانی بەغدا دراوەتەوە.
٧ڕۆژ - ڕێبوار حەمەلاو
|