لە دیداری سلێمانی چی ڕوویداو نهێنییەکان چی بوون؟

2025-04-17  700 جار خوێنراوەتەوە

ڕۆژی چوارشەممە 16 - ٤ - 2025 ترافیکێکی سیاسی لە سەر سلێمانی دروستبوو، زۆرینەی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شارەکە کۆبوونەوە، دەیان پرسی جۆراوجۆریان تاوتوێ کرد.

پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هاوپەیمانێتی سودانی بۆ هەڵبژاردنەکان، دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و یەک لیستی پارتی و یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تاوتوێ کران.

نۆیەمین دیداری سلێمانی، بووە شوێنی کۆکردنەوەی تەواوی سیاسییە دەستڕۆیشتوەکانی ساحەی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان.

پارتی دیموکراتی کوردستان پێچەوانەی دیدارەکانی رابردوو، ئامادەییەکی زۆری لە دیدارەکەدا هەبوو، کەسانی یەکەمی حیزبەکە بەشدار بوون، ئامادەییان بە جۆرێک بوو کەمتر هەست دەکرا دیدارەکە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

بەپێچەوانەوە، بەرپرسانی یەکێتی ون بوون لە هیچ کام لە پانێڵ و گفتوگۆکاندا بوونیان نەبوو، تەنانەت لە وتارەکانیشدا بەشدارییان نەکرد.

لە دیدارەکەدا، جگە لە سەرکردە ناوخۆییەکان، دیبلۆماتکارانی باڵای ئێران و ئەمریکا لە تەنیشت یەک کۆ کرانەوە، کە بە ئەستەم بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە رێیان لە یەکتر دەکەوێت و پێکەوە دەبینرێن.

بە گوێرەی زانیارییەکان، لە پەراوێزی دیدارەکەدا دەیان کۆبوونەوەی جۆراوجۆر لە نێوان لایەنە جیاوازەکان بەڕێوەچووە.

دیبلۆماتکارە ئەمریکییەکان بە جیا لەگەڵ سودانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە.

جیا لەوە، کۆبوونەوە لە نێوان سودانی و نێچیرڤان بارزانی، سودانی و بافڵ تاڵەبانی بەڕێوەچووە.

هەروەها بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی دیداری دوو قۆڵیان ئەنجامدا.

بە گوێرەی زانیارییەکان، شاندی پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتی هۆشیار زێباری ئەمشەو لە سلێمانی دەمێننەوە و بۆ سبەی لەگەڵ شاندی یەکێتی لەسەر پرسی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێ گفتوگۆ دەکەن.

کۆبوونەوەی ئەو ژمارە زۆرەی سەرکردەی لایەنە جیاوازەکان لە سلێمانی لە کاتێکدایە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی ئاڵۆزە و ناو بە ناو گرژی تێکدەکەوێت.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەمڕۆ سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی بەشداری کردنی لە پانێڵی دیدارەکەدا ئاشکرای کرد  بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات و هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی سەرتاسەری دەدات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە