حکوومەت چۆن هەلی کار بۆ کۆمپانیا حیزبییەکان دەدۆزێتەوە؟
2025-02-09
203 جار خوێنراوەتەوە
٧ڕۆژ
بڵاوبوونەوەی گرێبەستێکی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێم لەسەر بەکرێدانی تاقیگە پزیشکییەکانی نەخۆشخانە حکوومییەکان شەپۆلێکی ناڕەزایی فراوانی لە هەرێمی کوردستان هێناوەتە ئاراوە چونکە کرێی هەندێک لە پشکنینەکان بۆ سەر و ٦٠٠ هەزار دینار بەرز دەکاتەوە.
بە گوێرەی دەقی ئەو گرێبەستەی بڵاوکراوەتەوە کۆمپانیای جێبەجێکار بۆ ماوەی ١٠ ساڵ گرێبەستەی لەگەڵ ئەنجامدراوە و لیستی نرخی پشکنینە پزیشکییەکان لەگەڵ هاوپێچ کراوە کە پشکنینە شێرپەنجەییەکان ٦٠٠ هەزار دینار خراوەتە سەریان.
ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە لەکاتێکدایە خەڵکی کوردستان گیرۆدەی قەیرانێکی دارایی زۆر سەخت کراوەتەوە کە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە بەردەوامە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، پێدانی کەرتە گشتییەکانە بە کۆمپانیا حیزبی و حکوومییەکان لەکاتێکدا حکوومەت خۆی لە توانایدا هەیە ئیدارەی ئەو کەرتانە بدات.
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی هەرێم، حکوومەت زیاتر لە ملیونێک و ٢٥٠ هەزار مووچەخۆری هەیە کە ئەوە ژمارەیەکی تەواو ناسروشتییە بەراورد بە رێژەی دانیشتوانی هەرێم.
بەڵام لە بری بەکارهێنانی ئەو مووچە خۆرانە لە راپەڕاندنی ئەرکەکاندا حکوومەت پەنا بۆگرتنی کۆمپانیای تایبەت دەدات کە لەلایەک داهاتی گشتی دەبات و لەلایەکی دیکەش بارگرانی گەورە لەسەر خەڵک دروست دەکات.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکان دەیان کۆمپانیای جۆراو جۆر لە ژێر ناوی جیاوازدا دروستکراون کە زۆرینەی رەهایان سەر بە بەرپرسانی پارتی و یەکێتین و حکوومەتیان کردووەتە کرێچی خۆیان بێ ئەوەی رۆڵێکی ئەوتۆیان هەبێت.
بۆ نمونە دانانی کۆمپانیا لەسەر خاڵە سنوورییەکان، دەیان جۆر کۆمپانیان بۆ پشکنینی ئەو مادە خۆراکییانەی هاوردەی هەرێم دەکرێن دانراون هەر یەکەیان بە رێگایەک پارە لە بازرگانەکان دەکێشێتەوە لە کاتێکدا پێشتر هەمان پرۆسە لە ژێر دەستی بنکە تەندروستییەکان حکوومەت بووە و بێ کێشە ئەنجام دراوە.
یان دانانی کۆمپانیا بۆ نوسینی عەریزەی دادنوسەکان، کە پێشتر تەنیا دوو هەزار دینار بۆ هەر عەریزەیەک لەسەر هاوڵاتی دەکەوت بەڵام ئێستا نرخەکەی تا ٢٥ هەزار دینار دەڕوات.
ئەوە جیا لەو کۆمپانیا سەیر و سەمەرانەی کە بۆ گواستنەوەی غاز و پێکهاتەکانی نەوت دامەزرێنراون و داهاتێکی خەیاڵی کۆ دەکەنەوە.
|