هەڵبژاردنی پەرلەمان چی لە دۆخی سیاسی هەرێم گۆڕی؟

2025-02-09  99 جار خوێنراوەتەوە

٧ڕۆژ 

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە، هەڵبژاردنێک کە زیاتر لە دوو ساڵی ویست تا پارتی و یەکێتی توانیان لە سەر دیزاینی ئەنجامەکان بگەنە لێکتێگەیشتنێت.

پارت و لایەنە بەشداربوەکانی هەڵبژاردنەکە، لەکاتی بانگەشەکانیدا بە دروشمی توند و سەخت هەوڵی کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگیان دا، بەڵام هاوشێوەی هەموو هەڵبژاردنەکانی دیکە دروشمەکان تەنیا تا ئێوارەی رۆژی دەنگدان مانەوە.

حیزبێک دەیوت، رایاندەگرین، یەکێک دیکە دەیوت ئیتر بەسە،یەکێکیان کۆتایی پێ دەهێنا و یەکێکیش دەیوت هەمووتان درۆ دەکەن!
ئەوەی بانگەشەی راگرتنی دەکرد، پێش دەستکردن بە پڕۆسەی سیاسی ماڵی پێچایەوە نەک هەر راینەگرتن بەڵکو ناوماڵی خۆی کێشەی تێکەوت!

ئەوەی بانگەشەی ئیتر بەسەی دەکرد، پرۆسەی دەنگدان کۆتایی نەهاتبوو ئەنجامەکانی پەسەند کرد لە کاتێکدا هەموان بانگەشەی ساختەکارییان دەکرد.

ئەوەی بانگەشەی کۆتایی پێ هێنانی دەکرد، هاوشێوەی رابردوو کەوتوەتەوە گفتوگۆی وەرگرتنی پۆستەکان و چاوی لەوەیە زۆرترین پشکی بەربکەوێت.

ئەوەش کە دەیوت هەموتان درۆ دەکەن، وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێت چووەتە ناو مامەڵەی پۆست دابەشکردنەوە و داوای پشکی گەورە دەکات، لە هەمووی سەیرتر ئەوەی پێشتر دەیوت بە هیچ جۆرێک ناچێتە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و یەکێتییەوە کەچی پێش هەموان دەستی بە گفتوگۆکرد.

هەموو لایەنەکان دروشمەکانیان دژی دەسەڵات بوو، وەک ئەوەی لە ٣٠ ساڵی رابردوودا لە دەرەوەی ئەوانەوە حوکمداری هەرێم کرابێت!

ئێستا دوای زیاتر لە دوو مانگ لایەنەکان نەک هەرنەیانتوانیوە هەنگاوێک بە ئاڕاستەی باشکردنی دۆخی خەڵک بنێن بەڵکو چاویان لەوەیە پارتی و یەکێتی هاوشێوەی رابردوو رێکبکەون و ئەوانیش بەشێکیان لەو رێککەوتنە بەربکەوێ.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە بۆ چەندین ساڵە زۆرینەی جومگەکانی حکومڕانی کۆنتڕۆڵکردووە تەنیا ٣٩ کورسی لە ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەستهێناوە، ٦١ کورسییەکەی دیکە لای لایەنەکانی دژ بە پارتین کەچی هەر دەستە وەستانن و ناتوانن بڕیارێک لە بەرژەوەندی خەڵک بدەن.

بە بڕوای شارەزایان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەک هەر نەیتوانیوە گۆڕانکاری بهێنێتە ئاراوە بەڵکو تەنیا رێژەی دابەشکردنی پۆستەکانی لە نێوان پارتی و یەکێتی گۆڕیوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە