پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەکرێتەوە

2025-03-26  136 جار خوێنراوەتەوە

پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەکرێتەوە و 11 رۆژ بەردەوام دەبێت. سەرپەرشتیارەکەی دەڵێت: "پێشانگاکە بە چاودێریی سەرۆک بارزانی دەکرێتەوە و ئەم ساڵ 350 وەشانخانە لە 22 وڵاتی ناوچەکە و جیهانەوە بەشدار دەبن."

ئیهاب قەیسی، سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بە میدیاکانی راگەیاند: "حەڤدەیەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بە درووشمی (جیهان بە کوردی دەدوێت) بە چاودێریی مەسعود بارزانی لە رۆژانی 9 بۆ 19ـی نیسانی 2025 لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەدەچێت."
 
راگەیاندنی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەڵێت: "پێشانگاکە رۆژانە لە کاژێر 10:00ـی بەیانی تاوەکو 20:00 کراوە دەبێت."
 
ئیهاب قەیسی وتی: "ئەم ساڵ 350 وەشانخانە لە 22 وڵاتی ناوچەکە و جیهانەوە بەشدار دەبن. بەشێک لەوانە کە لە وڵاتانی دراوسێ، مەغریب و وڵاتانی کەنداوەوە هاتوون، یەکەم جارە بەشداریی ئەم پێشانگایە دەکەن. هەموویان لەسەر رووبەرێک کتێبەکانیان نمایش دەکەن کە زیاترە لە 20 هەزار مەتر چوارگۆشە."
 
سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب راشیگەیاند: "دروشمی (جیهان بە کوردی دەدوێت) دروشمی خولی حەڤدەیەمی پێشانگەکەیە، ئەوەش وەک پێزانینێک بۆ زمانی کوردی و ئەو جموجووڵە بەرفراوانەی لە وەرگێڕانی کتێبە جیهانییەکان بۆ سەر زمانی کوردی دەستی پێکردووە."
 
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو دروشمە وەک پاڵپشتییەکە بۆ بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی لەلایەن گوگڵەوە" و دەشڵێت: "بە درێژایی رۆژانی پێشانگاکە، چەندین پانێڵ و دیبەیتی رۆشنبیری لەبارەی وەرگێڕان و زمان، بە بەشداریی رۆشنبیران، شارەزایانی کورد و عەرەب لە پاڵ چەند وۆرکشۆپێک لەسەر دۆخی خوێندنەوە و گەشەی پیشەسازیی بڵاوکردنەوە بەڕێوەدەچن."
 
وتیشی: "هەر لە چواچێوەی چالاکییەکانی پێشانگەکەدا، گفتوگۆی رۆشنبیری و کولتووری جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن؛ خوێندنەوەی شیعر و واژۆکردنی کتێبە نوێیەکان و چەند ئاهەنگێکی هونەری و پانێڵی جۆراوجۆر لەبارەی عێراق و ناوچەکەوە بەڕێوە دەچن."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە