پۆڵەندا.. فێستیڤاڵی کولتووری کوردی بەڕێوە چوو
2025-02-10
74 جار خوێنراوەتەوە
لە وارشۆی پایتەختی وڵاتی پۆڵەندا فێستیڤاڵی کولتووری کوردی بەڕێوەچوو لەژێر ناونیشانی (خۆری کورد لە زستانی وارشۆ) لە ڕۆژانی 7 تا 9ی شوبات کە کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆر لەخۆ گرتبوو.
ئەم فێستیڤاڵە رێکخراوە لەلایەن هەریەک لە ناوەندی ڕۆشنبیری فیلمی بەناوی ئەندژێی ڤایدی (Centrum Kultury Filmowej im. Andrzeja Wajdy) و دامەزراوە کولتوورییەکانی شاری وارشۆی پایتەخت (instytucji kultury miasta stołecznego warszawy) وە بە هاوکاری دارایی گرانتی ئایسلەندا لیختنشتاین نەرویجی (Iceland Liechtenstein Norway grants).
چالاکیەکانی ئەم فێستیڤاڵە سەرنجی خستە سەر ناساندنی کولتوری کوردی و رۆل و چالاکیەکانی ئافرەتانی کورد لە کوردستان و لە تاراوگە، جگە لە مانەش لە ڕێگەی زنجیرەیەک وۆرک شۆپ و گفتوگۆ، کە بە هاوکاری دامەزراوەکانی پۆڵۆنی و کوردی لە ئەوروپا ڕێکخراون تیایدا بەشداربووان و شارەزایانی بانگهێشتکراو لە گفتوگۆکانیاندا ئامانجەکانیان دەخەنەڕوو، کە بریتین لە بەرەنگاربوونەوەی بن پێکردنی مافی کورد و ژنانی کورد و قووڵکردنەوەی تێگەیشتن لە هۆکارەکانی کۆچ و باشترکردنی پەیوەندی نێوان کۆچبەران و کۆمەڵگای ئەو وڵاتەی، کە کۆچی بۆ دەکرێت، بەتایبەتی لە پۆڵۆنیا، لەبەر هەبوونی قەیرانی کۆچبەران لە سەر سنوورەکانی پۆڵۆنیا و بێلاڕووس، هەروەها لەم فێستیڤاڵە لە ڕێگەی پێشانگای هونەری و نمایشی فیلمی درێژ و دۆکیۆمێنتاری پۆڵۆنی و کوردیەکان واقیع و بارودۆخە سەختەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردستانی دەخەنەڕوو، کە کاریگەرییان لەسەر کۆچی کورد بۆ ئەوروپادا هەیە.
گرنگترین بەرنامە و چالاکیەکانی ئەم فێستیڤالە:
یەکەم:
کردنەوەی پێشانگای هونەرمەند خاتوو (ڕووناک ڕەسولپوور) لە ژێر ناونیشانی (ژن ژیان ئازادی)
کاتژمێر: 3ی پاش نیوەڕۆی 7ی شوبات.
شوێن: پارکی واژێنکی کرۆلێڤسکی چوونە ژوورەوە لەدەرگای سەر شەقامی ul. Agrykola، خاتوو (ڕووناک ڕەسولپوور)، خانمە هونەرمەندی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە. ناسراوە بەکارە هونەرییەکانی جیاجیای وەک پۆستەر و وێنەکێشان و بەرگی کتێب. ئەم پێشانگایە تا 28ی شوباتی 2025 بەردەوام دەبێت.
دووەم:
نمایشکردنی فیلمی (دارەکان بێدەنگن) لە دەرهێنانی خاتوو ئاگنێشکا زوڤێفکایە Agnieszka Zwiefka و گفتوگۆی میوانان.
کاتژمێر: 5ی ئێوارەی 7ی شوبات
شوێن: ستۆدیۆی U20، لە شەقامی Aleje Ujazdowskie 20
فیلمی (دارەکان بێدەنگن) باسی لە چیرۆکی تراژیدیای کچێکی کوردی تەمەن 16 ساڵان دەکات بەناوی (ڕونا) و خێزانەکەى، کە دایکی (ڕونا) کۆچی دوایی دەکات دوای چەند هەفتەیەک لە مانەوەیان لە ناو دارستانەکانی سنووری پۆلۆنیا و بێلاروس، ئەم کارەساتەش وا لە (ڕۆنا) دەکات بە ناچاری هەوڵبدات جێگای دایکی بگرێتەوە بۆ ئەوەى ئاگاداری چوار برا بچووکەکەی و باوکی بێت، کە باوکییان دوای لە دەستدانی هاوسەرەکەى تووشی خەمۆکی دەبێت.
دوای نمایشکردنی فیلمەکە، گفتوگۆیەک لە ژێر ناونیشانی (خەیاڵ و کۆچ: ژنی کورد لە فیلم و هونەردا) ئەنجامدەدرێت بە بەشدرایکردنی بەڕێزان (فاتمە ئیدیمێن، ڤێندی هاملینک، ڕووناک ڕەسولپوور)، بەڕێوەبەر (کایا کلیمێک).
سێیەم:
نمایشکردنی فیلمی (حەسکیف) لە دەرهێنانی ( ئەلیف یەغیت) و گفتوگۆی میوانان.
کاتژمێر: 5ی ئێوارەی 8 شوبات.
شوێن: ستۆدیۆی U20، لە شەقامی Aleje Ujazdowskie 20
ئەم فیلمە دۆکیومێنتارییە تیشک دەخاتە سەر مێژووی نیشتەجێبوونی حەسەنکێف و لەناوبردنی بەهۆکاری بەنداوی ئیلیسو لەسەر ڕووباری دیجلە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا. لە سەرەتای مانگی تەمموزی 2020دا کاتێک دەستکرا بە دروستکردنی بەنداوی ئیلیسو، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی لافاو، لە ئەنجامدا پەنجا گوند کەوتە ژێر ئاو و هەزاران کەسی ناوچەکە بە ناچاری ئاوارە بوون.
دوای نمایشکردنی فیلمەکە، گفتوگۆیەک لە ژێر ناونیشانی (ئیکۆلۆژی: ئاو و سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست). ئەنجامدەدرێت بە بەشدرایکردنی بەڕێزان (ئەلیف یەغیت، دۆبرۆسواڤا ویکتۆر-ماخ، مارچین سکوپینسکی)، بەڕێوەبەر (کایا کلیمێک)
چوارەم:
نمایشکردنی فیلمی (براوەکان) لە دەرهێنانی خاتوو( سۆلین یوسف) و گفتوگۆی میوانان
کاتژمێر: 12٠ی نیوەڕۆی 9ی شوبات.
شوێن: ستۆدیۆی U20، لە شەقامی Aleje Ujazdowskie 20
ئەم فیلمە دەربارەی کچە کوردێکی تەمەن 11 سالانە بە ناوی مونا، کە لەگەڵ خێزانەکەی لە سوریا هەڵدێن و لە بەرلین ئاوارە دەبن. باس لەوە دەکات، کە لە ئەڵمانیا هەموو شتێک بۆ مونا جیاوازە، بیری ماڵەکەی و هاوڕێکان و تۆپی پێی سەر شەقامەکان و بەتایبەتی (هێلین)ی خاڵۆزاکەی دەکات. کاتێک مامۆستاکەی سەرنجی بەهرەی ناوازەی مونا دەدات بۆ تۆپی پێ، بریار دەدات مونا هەلبژێرێت بۆ تیپی کچان، ئیتر چیرۆکەکە لێرەوە دەستپێدەکات.
دوای نمایشکردنی فیلمەکە، گفتوگۆیەک لە ژێر ناونیشانی (ڕۆژئاوا: چۆن یارییەکە ببەینەوە). ئەنجامدەدرێت بە بەشدرایکردنی هەر یەک لە بەڕێزان (فاتما ئیدیمێن ، مارچین سکوپینسکی).
پێنجەم:
نمایشکردنی فیلمی (سۆنێ) لە دەرهێنانی (کوردوین ئەیوب) و گفتوگۆی میوانان
کاتژمێر: 5ی ئێوارەی 9ی شوبات
شوێن: ستۆدیۆی U20، لە شەقامی Aleje Ujazdowskie 20
ئەم فیلمە باس لە سێ کچی هەرزەکار دەکات لە ڤیەننا، کە لەکاتی گۆرانییەکی پۆپدا بە حیجابەوە سەما دەکەن. ڤیدیۆکەیان لە یوتیوب بڵاودەکرێتەوە و ناوبانگێکی خێرا بەدەست دەهێنێت، بەتایبەتی لەنێو موسڵمانانی کورد دا.
دوای نمایشکردنی فیلمەکە، گفتوگۆیەک لە ژێر ناونیشانی (خێزان، ناسنامە و ناڕەزایەتی: ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا). ئەنجامدەدرێت بە بەشدرایکرنی هەریەک لە بەڕێزان (هەیال هانۆگڵو، کارۆل کاچۆروڤسکی) بەڕێوەبەر (ئانا چیشلێڤسکا)
شەشەم:
وۆرک شۆپێکی خێزانی لەژێر ناونیشانی (هونەر لە چوارچێوەدا: چیرۆکەکانی دەنگبێژی) 7+
کاتژمێر: 12ی نیوەڕۆی 22ی شوبات.
شوێن: ستۆدیۆی U20، لە شەقامی Aleje Ujazdowskie 20
بە ئیلهام وەرگرتن لە چیرۆکەکانی دەنگبێژی، پێکەوە چیرۆکی دەوڵەمەندی وێناکراوی خۆمان دروست دەکەین. بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە کۆپییەکی دیاری حیکایەتەکانی دەنگبێژی: چیرۆک و چیرۆکی کوردی (ناماس) لە کۆمەڵەی بنەماڵەی کالیل وەردەگرن.
|