'دواهەمین هەناری دونیا'ـی بەختیار عەلی بە رووسی بڵاودەکرێتەوە

2025-02-07  94 جار خوێنراوەتەوە

"دواهەمین هەناری دونیا" یەکێک لە رۆمانە بەناوبانگەکانی بەختیار عەلی، رۆماننووسی ناسراوی کوردە، بۆ چەندین زمانی جیهانی وەرگێڕدراوە، بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا بە زمانی رووسی بڵاوبکرێتەوە.
 
بەختیار عەلی، لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، لە رۆژانی رابردووردا، گرێبەستێکیان لەگەڵ دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی "پۆلیاندریا"ـی رووسی لە پێترسبورگ وژاۆکردووە، بۆ بڵاوکردنەوەی رۆمانەکە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، رۆمانەکە پێشتر کراوەتە عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیتالی و فەرەنسی. زمانی رووسی دەبێتە هەشتەمین زمانی جیهانی کە بۆی وەردەگێڕدرێت.
 
بەختیار عەلی، ساڵی رابردوو لە رێوڕەسمێکدا لە شاری هایدلبێرگی ئەڵمانیا، خەڵاتی "هێلدا دۆمین"ـی پێبەخشرا. خەڵاتەکە تایبەتە بەو نووسەرانەی تاراوگە کە لە ئەڵمانیا بابەتی ئەدەبی دەنووسن و بڵاودەکەنەوە. ساڵانە لەلایەن دامەزراوەی هێلدا دۆمینەوە دابین دەکرێت و سێ ساڵ جارێک دەبەخشرێتە نووسەرێکی ئەدەبی.
  
پاش وەرگرتنی خەڵاتی نیلی زاکس لە 2017، ئەمە دووەمین خەڵاتی گرنگە بەختیار عەلی وەریدەگرێت.
   
بەختیار عەلی، لە 1960 لە سلێمانی لە دایکبووە. رۆماننووس، شاعیر و رۆشنبیری کوردە، لە 1994 کوردستانی جێهێشتووە و رووی لە ئەورووپا کردووە، یەکەم رۆمانی بەناوی "مەرگی تاقانەی دووەم" لە 1997 بڵاوکردووەتەوە، جگە لە 12 رۆمانی دیکە، لەوانەش "ئێوارەی پەروانە"، "شاری مۆسیقارە سپییەکان"، "داگیرکردنی تاریکی"، "جەمشید خانی مامم کە ھەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد"، "غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ"، "کەشتیی فریشتەکان"، "بەندەر فەیلی"، "کۆشکی باڵندە غەمگینەکان" و "هەورەکانی دانیاڵ". دوایین رۆمانی بەناوی "نەفرەتی نەوبەهاران" لە 2024 بڵاوکردووەتەوە.
 
جگە لە نووسینی رۆمان، لە ژانری شیعریشدا خاوەنی حەوت بەرهەمە، ئەویش "گوناھ و کەرنەڤاڵ"، "بۆھیمی و ئەستێرەکان"، "ئیشکردن لە دارستانەکانی فیردەوسدا"، "تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشتە-کۆ بەرهەم"، "ئەی بەندەری دۆست.. ئەی کەشتی دووژمن"، "شەوێک ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەی شێت" و "ئەگەر یاخییەکان نەمێنن".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە