دوو هاوژینی کورد لە تاران هەڵپەڕکێ و کولتووری کوردی بە خەڵکی دەناسێنن
2025-02-10
60 جار خوێنراوەتەوە
گرووپی کولتووری و هەڵپەڕکێی چیا، کە لەلایەن دوو هاوژینی کوردیی سنەوە لە شاری تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەدەبرێت، بە جلوبەرگی کوردییەوە هەڵپەرکێ دەکەن و جگە لە فێرکردنی هەڵپەرکێ، کولتووری کوردیش بە فێرخوازان دەناسێنن.
وریا بوجار، بەرپرسی گرووپی کولتووری چیا دەڵێت، "29 بۆ 30 ساڵ دەبێ فێرگەی هەڵپەرکێمان هەیە، زۆربەی ئەوانەی بەشداری دەکەن کورد نین و کوردستانیان نەدیوە، زۆربەیان بە خێزانی بەشدار دەبن، کوڕ و کچ بەشدارن. نەزم و هەڵپەرکێی ناوچە جیاوازەکانیان فێر دەکەین".
فێرخوازانی گرووپی چیا، کورد، فارس و ئازەرین. زۆربەیان دەڵێن، پێیان خۆشە زیاتر بە کولتووری کوردی ئاشنا بن.
پەریسا مودەڕسیزادە، لە فێرگەکەدا فێرخوازە و دەڵێت، "سەرەتا تەنیا بۆ کات بەسەربردن بەشداریم کرد، بەڵام دواتر کە باسی کوردیان دەکرد، بەلامەوە سەرنجڕاکێش بوو. زۆر حەز بە زانینی کولتووری کوردی دەکەم".
فاتیمە جاویدمێهر، فێرخوازێکی فارسە و باس لەوە دەکات، "سێ ساڵە بەشداری لەم خولەدا دەکەم؛ بەر لەوەی بێمە ئێرە 5 بۆ 6 ساڵ هیپ هۆپم کرد. لێرە جگە لە هەڵپەرکێ، بە کولتوور و جلوبەرگی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ئاشنا دەبین".
فێرخوازان دەڵێن، ئەوەی سەرنجی راکێشاون، هەڵپەڕکێی شوێنە جیاوازەکانی کوردستانە.
ماشاڵا محەممەدی، فێرخواز لەبارەی مامۆستای فێرگەکە ئاماژە بەوە دەدات، "جیاوازی مامۆستا وریا ئەوەیە کە هەوڵی داوە ئەو هەڵپەرکێیە کۆنانەی نەماون یان گۆڕاون، بگەرێنێتەوە سەر رەسەنایەتی خۆیان".
سروە سەعدولاهی، هاونیشتمانییەکی کوردە و هۆکاری بەشداریکردنی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "بەشداریکردن لەم خولەدا دەبێتە هۆی ئەوەی بتوانین کولتووری خۆمان بناسین و فێری نەوەکانی داهاتوومان بکەین کە ئەوانیش لە بیری نەکەن."
گرووپی کولتووری و هەڵپەڕکێی چیا لە بۆنە کولتوورییەکانیش لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە چالاکی جیاواز بەشداری دەکات.
|