سێشەممەی داهاتوو دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت

1     کاتژمێر پێش ئێستا  211 جار خوێنراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 دەدات، ئەمەش لە کاتێکدایە لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا پەرلەمان دەکەوێتە پشووی یاسادانانەوە و تا ئێستاش لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان رێککەوتن نەکراوە.

سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بەمیدیای حزبەکەی راگەیاند: بە پێی زانیارییەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سێشەممەی داهاتوو دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 دەدات.

شێروانی ئاماژەی بەوە دا، لە یەکی کانوونی یەکەمدا، پەرلەمانی عێراق دەکەوێتە پشووی وەرزی یاسادانانەوە و چیدیکە ناتوانرێت وەرزی یاسادانان درێژ بکرێتەوە، چونکە پێشتر جارێک درێژ کراوەتەوە.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە مانگی کانوونی یەکەمدا تەنیا یەک رێگە بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و لەبەردەستدایە، ئەویش ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەتە تاوەکوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت.

هاوکات وەزارەتی دارایی عێراق ڕەشنووسی بودجەکەی تەواو کردووە؛ بەپێی رەشنووسەکە، کۆی گشتیی قەبارەی بودجە 217 تریلیۆن و 248 ملیار و 50 ملیۆن و 761 هەزار دینارە و بڕی کورتهێنانیش دەگاتە 42 تریلیۆن و 161 ملیار و 357 ملیۆن و 761 هەزار دینار.

هەر لە رەشنووسەکەدا هاتووە، داهاتی نانەوتی رێژەی 18%ـی بودجە پێک دەهێنێت، سندووقی نەوەکان بە سەرمایەی یەک تریلیۆن دینار دروست کراوە و بڕی پێنج تریلیۆن دیناریش بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخان کراوە.

سەبارەت بە پرسی دامەزراندن و بەهەمیشەییکردن، لە رەشنووسی بودجەکەدا ئەوە دیاریی کراوە کە 500 هەزار فەرمانبەری گرێبەست و کرێی رۆژانە دەکرێنە هەمیشەیی و زیاتر لە 120 هەزار کەسی دیکەش بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان، پرسی نەوت و شایستە داراییەکانەوە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە