کەجەکە: بڕیارەکەی بەغدا دەستوەردانی راستەوخۆیە لە باشووری کوردستان
55 خولەک پێش ئێستا
184 جار خوێنراوەتەوە
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) راگەیەنراوێکی دەربارەی بڕیارو وتەکانی گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە، بڕیارەکەی بەغدا دەستوەردانی راستەوخۆیە لە باشووری کوردستان.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە کە بڕیاری رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە گومرگییەکانی باشووری کوردستانیان بە حکوومەتی ناوەندی داوە، ئەمەش بە مانای گواستنەوەی تەواوەتی سەرچاوە داراییەکانی فیدراسیۆنی باشووری کوردستان دێت بۆ بەغدا. کەجەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بێبەشکردنی کۆمەڵگە و سیستەمێکی سیاسی لە سەرچاوە داراییەکان بە مانای خستنەژێر پاشکۆیەتی، سنووردارکردنی رەهەندە سەرەکییەکانی ژیان و دەستوەردانی راستەوخۆ دێت لە پانتایی ژیانی خەڵکی باشووری کوردستان.
“کەجەکە وەبیری هێناوەتەوە، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، دەستوورێکی نوێ نووسرایەوە و فیدراسیۆنی باشووری کوردستان وەک پێگەیەکی دەستووری قبووڵ کرا، بۆیە گەڕانەوەی حکوومەتی عێراق بۆ عەقڵییەتی ناوەندگەرایی و سنووردارکردنی مافەکانی هەرێم، هەنگاوێکی هەڵەیە و کێشەی جددی بۆ سەقامگیری و یەکێتیی دیموکراتیی عێراق دروست دەکات. جەختیشی کردووەتەوە کە دەبێت بەغدا لەم هەنگاوە هەڵەیە پاشگەز ببێتەوە”.
دەربارەی هەڵوێستی ناوخۆییش، کەجەکە دووپاتی کردووەتەوە کە فیدراسیۆنی باشووری کوردستان دەستکەوتی تێکۆشانی گەلی باشوور و تەواوی گەلی کوردستانە و هەموو گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانی دەکەن. هاوکات داوای کردووە لایەنە کوردییەکان عەقڵییەتی یەکێتیی دیموکراتی بکەنە بنەما و لەم قۆناخەدا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێم بە یەکڕیزی هەنگاو بنێن.
|