مەسرور بارزانی: بڕیاربەدەستانی بەغدا باوەڕیان بەفیدراڵیزم نییە
11 خولەک پێش ئێستا
130 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت کە قبوڵکراوو نییە؛ جەختیشی کردەوە، ئەگەر بڕیاربەدەستانی بەغدا، بەڕاستی مەبەستییان سەروەریی یاسایە، عێڕاق پرە لە گەندەڵی و دزی و چەکی بێ مۆڵەت، با ئەوانە بنبڕ بکەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.
ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیداڵ.
مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای 2003ـەوە، سیستەمی سیاسیی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیزم بونیات نرا و هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور قەوارەیەکی دەستووری و یاساییە، بەڵام بڕیاربەدەستانی بەغد ، باوەڕیان بە فیدراڵیزم نییە و دەیانەوێت بە عەقڵییەتێکی مەرکەزی رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، دەبێ دەستوور وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت نەک بە شێوەیەک کە ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆیان بێت جێبەجێی بکەن و ماددەکانی دیکەش فەرامۆش بکەن وەک ماددەی 140 کە چەندین ساڵە جێبەجێ نەکراوە و دۆخی نائاسایی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم ئاسایی نەکراوەتەوە.
هاوکات جەختی کردەوە، کێشەی گەلی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، تەنیا مووچە و بودجە نییە، بەڵکو ماف و دۆزی رەوای گەلی کوردستان و داننانن و رێزگرتنە لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
گوتیشی: ئێمە بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەری حکوومەتی فیدراڵ بووین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کاری نایاسایی و ئامادەشین بۆ هەموو هاوکارییەک لەمبارەیەوە و بۆ چارەکردنی هەموو کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و، هیوادارین لە هەموو عێراق، ئەوە کارە نایاساییانەی هەن بنبڕبکرێن، بەڵام ئەو رێکار و بڕیارانەی بەم دواییانە، بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە دژی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەرچوون، دەستووری نین و رەتی دەکەینەوە .
مەسرور بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە لەگەڵ بنبڕکردنی گەندەڵی و دزینی سامانی سروشتین لە هەموو عێراق و هەموو هاوکاریەکیش پێشکەش دەکەین؛ بەڵام بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت کە قبووڵکراو نییە.
سەرەنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەگەر بڕیاربەدەستانی بەغدا، بەڕاستی مەبەستییان سەروەریی یاسایە، عێڕاق پرە لە گەندەڵی و دزی و چەکی بێ مۆڵەت، با ئەوانە بنبڕ بکەن.
سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە، گەلی کوردستان بە هەموو هێزێکییەوە، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداریان نابێت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ چارەکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستان دووپات کردەوە.
|