یەکەم لێدوانی فابریگاس سەبارەت بە بوون بە راهێنەری بارسێلۆنا
5 خولەک پێش ئێستا
21 جار خوێنراوەتەوە
سێسک فابریگاس، راهێنەری ئێستای یانەی کۆمۆ، یەکێکە لەو ناوانەی کە لە پلاندانانی داهاتووی یانەی بارسێلۆنا بۆ راهێنەرایەتی باس دەکرێت، بەڵام ئەو ئێستا هیچ پەلەیەکی نییە بۆ قسەکردن لەسەر گەڕانەوەی بۆ کامپ نو.
سەرەڕای پەیوەندییە هەستیار و بەهێزەکەی بە بارسێلۆنا و زیادبوونی گومانەکان دەربارەی جێگرەوەی هانزی فلیک لە داهاتوودا، فابریگاس پشتڕاستی کردەوە کە سەرنجی تەواوی ئێستای لەسەر کۆمۆیە.
فابریگاس نایەوێت پێشوەختە بیر لە داهاتوو بکاتەوە
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی TNT Sportsـی مەکسیکی، دوای بردنەوەی کۆمۆ بەئەنجامی 1-0، پرسیاریان لە فابریگاسی یاریزانی پێشووی ناوەڕاستی بارسێلۆنا کرد کە ئایا رۆژێک خۆی بە راهێنەری بارسێلۆنا دەبینێت؟.
فابریگاس وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی نەدا، بەڵام قسەکانی پەیوەندییە قووڵەکەی بە یانەکەی ئاشکراکرد.
وتیشی "من لەو کەسانەم کە رۆژ بە رۆژ مامەڵە لەگەڵ ژیان و کارەکانیان دەکەن؛ بیرکردنەوە لە داهاتوو زۆرجار ناتگەینێت بەهیچ شوێنێک".
دواتر ئاماژەی بە گرنگیی بارسێلۆنا لای خۆی کرد و گوتی "من سەر بەوێم، لەو یانەیەدا گەورە بووم و هەموو کەسێکی ئەوێ دەناسم، بەڵام هەرگیز حەزم لە بیرکردنەوە لە داهاتوو نەبووە، چونکە هەر کاتێک ئەوەم کردووە، شتەکان بە باشی نەڕۆیشتوون".
هەروەها زیاتر ئاماژەی بەوەشکرد"ژیان وەک لێخوڕینی فڕۆکە وایە؛ هەرگیز نازانیت کەی خێراییەکەی کەم دەبێتەوە. بۆیە دەبێت هەوڵ بدەین لە هەر ساتێک چێژ وەربگرین".
فابریگاس ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵ دەدات هاوسەنگی لەنێوان کەشی پڕ لە ململانێی یاری و بەرپرسیارییەکانی راهێنەرایەتی لە یانەیەکی وەک کۆمۆدا بپارێزێت.
بارسێلۆنا هێشتا بەشێکە لە ژیانی رۆژانەی فابریگاس
فابریگاس ئاشکرای کرد کە هێشتا بەوردی شوێنکەوتەی یارییەکانی بارسێلۆنایە، تەنانەت ئەو کاتانەش کە ئەرکەکانی لەگەڵ کۆمۆ پێویستی بە سەرنجی تەواوی هەیە.
ڕاشیگەیاند "هیچ یارییەکی بارسێلۆنا لە دەستم ناچێت. رۆژێک کە خەریکی دانانی پلانی یارییەکەمان بەرامبەر ئەیک ئەسینا بووین، لەسەر مۆبایلەکەم یاریی بارسێلۆنام دەبینی. تا ئەو راددەیە یاریدەدەرەکانم چەندجارێک ئاگاداریان دەکردمەوە و پێیان دەگوتم: سەرنجت بدە، ئەمە گرنگە".
گرێبەستی فابریگاس تاوەکو 2028
فابریگاس گرێبەستێکی لەگەڵ یانەی کۆمۆ هەیە، کە تاوەکو ساڵی 2028 بەردەوام دەبێت، پێشتر ئاماژەشی بەوە کردووە کە دەیەوێت هەموو ماوەی گرێبەستەکەی تەواو بکات.
سەرکەوتنەکانی لە ئیتاڵیا ناوبانگی وەک راهێنەرێکی سەرکەوتووی زیاتر کردووە، لەگەڵ ئەوەی پەیوەندیی مێژوویی و سۆزداری بە بارسێلۆنا وایکردووە کە لە داهاتوودا یەکێک لە ناوە گونجاوەکان بێت بۆ راهێنەرایەتی یانەکە، بەڵام ئێستا هیچ نیشانەیەک نییە کە گۆڕانکارییەکی نزیک لە راهێنەرایەتی بارسێلۆنا رووبدات، بەتایبەتی کە بەڕێوەبەرایەتی وەرزشیی یانەکە لە ئاستی راهێنەری ئێستا، هانزی فلیک، زۆر رازین.
|