بافڵ تاڵەبانی: سلێمانی بە پیلان و پەراوێزخستن لاواز نابێت

2   کاتژمێر پێش ئێستا  20 جار خوێنراوەتەوە

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەى 242ـەمین ساڵیادی بنیادنانی شاری سلێمانی پەیامى پیرۆزبایى ئاڕاستەى خەڵکەکەى دەکات و دەڵێت مێژوو سەلماندوویەتی کە سلێمانی بە پیلان و پەراوێزخستن لاواز نابێت و هەرگیز دەستبەرداری مافە رەواکانی نابێت.

دەقى پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:

لە 242ـەمین ساڵیادی بنیادنانی شاری سلێمانیدا، لە قووڵایی دڵمانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خەڵکی سەربەرز و دڵسۆزی شاری شاران دەکەین.

سلێمانی تەنها جوگرافیایەک نییە، بەڵکو رۆحێکی زیندوو، بیرێکی ئازاد و قەڵایەکی لەبننەهاتووی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و نادادییە. ئەمڕۆ بە وەفا و پێزانینێکی زۆرەوە سەری رێز لەبەردەم یاد و مێژووی هەموو ئەو شۆڕشگێڕ، شاعیر، ئەدیب، هونەرمەند و کەسایەتییە مەزنانەدا دادەنەوێنین کە ناسنامەی پایتەختی رۆشنبیری و شاری هەڵمەت و قوربانییان بە سلێمانی بەخشی، هەروەها شانازی بە خۆڕاگریی خەڵکە مەردەکەیەوە دەکەین کە لە هیچ قۆناغێکدا سازشیان لەسەر ئیرادە و شکۆی شارەکەیان نەکردووە.

مێژوو سەلماندوویەتی کە سلێمانی بە پیلان و پەراوێزخستن لاواز نابێت و هەرگیز دەستبەرداری مافە رەواکانی نابێت. شایستەترین وەفاداری بۆ قوربانیدانی ئەم شارە و خەڵکەکەی، وتنەوەی قسە و دروشم نییە لە دوورەوە، بەڵکو کارکردنی کرداری، بووژانەوەی ئابووری و گەیاندنی زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانییە بە هەموو گەڕەک و کۆڵانێکی.

بەڵێنمان بۆ سلێمانی و خەڵکە سەربەرزەکەی ئەوەیە کە هەمیشە قەڵغانی پاراستنی ئارامی، ئازادی و مافەکانیان دەبین، رێگە نادەین هیچ نادادییەک بەرامبەر ئەم شارە بکرێت و پێکەوە لەگەڵ گەنجە داهێنەر و خەڵکە دڵسۆزەکەیدا، کاروانی گەشەپێدانی سلێمانی بەرەو لوتکە دەبەین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


   ئەمانەش بخوێنەرەوە