ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی بڕیاری چی دەدات؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
415 جار خوێنراوەتەوە
میدیای یەکێتیی نیشتمانی ژمارەیەک سیناریۆی بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان ئاشکراکردووە و دەڵێت چاوەڕوان دەکرێت ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی ئەم چەند بڕیارە بدات.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی کۆبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
کەناڵ8ی نزیک لە بافڵ تاڵەبانی بڵاویکردەوە، لە دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان، هەرێمى کوردستان لە بەردەم چەند سیناریۆیەکدایە کە بەم شێوەیە ڕیزی کردوون:
هەرێمى کوردستان لە بەردەم چەند سیناریۆیەکدایە:
سیناریۆی یەکەم:
ئەوەیە ئەم هەنگاوەى پەرلەمان تەنیا بۆ پاراستنى پەرلەمان بێت لە بڕیارى دادگاى فیدراڵى و بەمشێوەیەى ئێستا پەرلەمان و حکومەت بەردەوامبن.
سیناریۆى دووەم:
بەردەوامبوونى پەرلەمان، بەڵام بایکۆتکردنى حکومەت لەلایەن یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و هەوڵدانى پارتى بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ.
سیناریۆى سێیەم:
گەڕانەوەى یەکێتى بۆ کۆبوونەوەکانى پەرلەمان و ڕێککەوتنى یەکێتى و پارتى لەسەر پێکهێنانى کابینەى دەیەم.
سیناریۆى چوارەم:
پێکهێنانى حکومەت و دەستبەکاربوونى کابینەى نوێ بەبێ بەشداریی یەکێتى و نەوەى نوێ.
سیناریۆى پێنجەم:
کە لەکاردانەوەى سیناریۆى چوارەم دێتە ئاراوە، دوو ئیدارەیی لە هەرێمى کوردستان ڕادەگەیێنرێت.
|