هۆکار و چارەسەری ئارەقەکردنەوەی کاتی خەو بزانە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
کۆمەڵەی پسپۆڕانی فیسیۆلۆژی لە هیندستان باوترین هۆکارەکانی ئارەقەکردنەوە لەکاتی خەودا ئاشکرا دەکات؛ یەکێکیان دڵەڕاوکێیە و باوترینیشیان گەرمیی ژووری نووستنە.
بەگوێرەی کۆمەڵەکە، ئەگەر ئارەقەکردنەوەکە درێژەی نەکێشا و تەنیا چەند رۆژێک هەبوو، ئاساییە، بەڵام ئەگەر چەند نیشانەیەک بینران و دووبارە بووەوە ئەوا سەردانی پزیشک پێویستە.
باوترین هۆکارەکانی ئارەقەکردنەوە لەکاتی خەودا ئەمانەن:
- گەرمیی ژووری نووستن و جێگە
ئەگەر پلەی گەرمیی ژوورەکە بەرز بێت یان جێگەکە لە قوماشێک دروستکرابێت کە گەرما گل بداتەوە، وەک پۆلیستەری پەتی، ئەوا جەستەت وەک میکانیزمێکی سرووشتی بۆ فێنککردنەوەی خۆی ئارەقە دەکاتەوە.
- گۆڕانکارییە هۆڕمۆنییەکان
یەکێکن لە دیارترین هۆکارەکانی ئارەقەکردنەوە لە شەودا، بەتایبەتی لای خانمان کە بەپێی قۆناخەکانی سووڕی مانگانەیان گۆڕانکاری لە رێژەی ئارەقەکردنەوەکەیان دەبێت، بەتایبەت لەماوەی سووڕی مانگانە، ماوەی دووگیانی و دوای تەمەنی 40 ساڵی. پیاوانیش لەوانەیە بەهۆی کەمبوونەوەی هۆڕمۆنی تێستۆستیڕۆنەوە تووشی ئارەقکردنەوەی شەوانە ببن، بەتایبەتی لەگەڵ چوونە تەمەنەوە.
- کاریگەریی لاوەکیی هەندێک دەرمان
زۆرێک لە دەرمانە باوەکان وەک کاریگەرییەکی لاوەکی دەبنە هۆی ئارەقەکردنەوە لەکاتی خەودا. دەرمانەکانی دژەخەمۆکی یەکێکن لەو دەرمانانەی کە زۆرترین پەیوەندییان بە ئارەقەکردنەوەی شەوانەوە هەیە. هەروەها دەرمانەکانی دابەزاندنی تا وەکو پاراسیتامۆڵ و ئیبۆپرۆفین و هەندێک دەرمانی شەکرە و دەرمانی بەرزەپەستانی خوێن.
- گوشار و دڵەڕاوکێ
ئەمانە هانی سیستمی دەماری دەدەن کە کۆنتڕۆڵی دەردانی ئارەقە دەکات. ئەو کەسەی بەدەست دڵەڕاوکێی درێژخایەن یان گوشاری دەروونییەوە دەناڵێنێت، لەوانەیە تێبینیی ئارەقەکردنەوە لەکاتی خەودا بکات تەنانەت ئەگەر ژوورەکەشی فێنک بێت.
- جۆری خۆراک و خواردنەوە یاخود کێشەی تەندروستی
خواردنی خۆراکی تیژ یان قورس راستەوخۆ پێش نووستن، خواردنەوەی کافایین لە ئێواراندا، کێشی زیادە و هەندێک حاڵەتی تەندروستی وەک زیادچالاکیی رژێنی دەرەقی و وەستانی هەناسە لە کاتی خەودا. هەروەها، وەرزشکردن ماوەیەکی کەم پێش نووستن، پلەی گەرمیی جەستە بەرز دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئارەقەکردنەوەیەک کە تاوەکو دوای خەوتنیشت بەردەوام دەبێت.
کەی ئارەقەکردنەوە لەکاتی خەودا مەترسیدارە؟
زۆربەی حاڵەتەکانی ئارەقەکردنەوەی شەوانە سادەن و پەیوەستن بە هۆکارە ژینگەییەکانەوە، بەڵام ئەگەر ئارەقەکە زۆر دووبارە بووەوە و زیاتر لە هەفتەیەکی خایاند یاخود بە بێ هۆکارە ژینگەییەکان ئارەقەتکردەوە دەبێت بە زووترین کات سەردانی پزیشکی بکەیت.
چۆن ئارەقەکردنەوە لەکاتی خەودا کەم دەکەیتەوە؟
* رێکخستنی پلەی گەرمی ژوور لەنێوان 18 بۆ 22 پلەی سیلیزیدا بێت.
* گۆڕینی جێگەوبان و جلوبەرگ کە قوماشی سرووشتی و ئاوریشمی هەڵبژێردرێت یاخود لۆکە و بامبۆ، چونکە ئەمانە رێگە بە ئاڵوگۆڕی هەوا دەدەن و قەتیزی ناکەن.
* گۆڕانکاری لە خووە ناتەندروستەکانی پێش خەوتن بە دوورکەوتنەوە لە خواردنی خۆراکی قورس و نەخواردنەوەی چا و قاوە 6 کاژێر پێش نووستن.
* ئەنجامدانی هەناسەدانی قووڵ پێش خەوتن.
شکار ڕێبوار
|