عێراق لەبارەی پێنج هەزار داع*شی دەستگیرکراو بڕیار دەدات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  31 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق، ئاشکرای دەکات تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ پێنج هەزار و 704 چەکداری داع*ش کۆتایی هاتووە و دەشڵێت: ئەو کەسانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە.

لە راگەیەندراوێکیدا، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق، ئاشکرای کردووە: دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم قۆناغی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی پێنج هەزار و 704 چەکداری داع*ش تەواو کردووە، کە پێشتر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە گوازرابوونەوە بۆ عیراق.

دەشڵێت: لێکۆڵینەوەکان بە مەبەستی ئامادەکردنی چەکدارەکانە، بۆ ئەوەی بەپێی بەڵگە و تاوانەکانیان رەوانەی دادگای تایبەتمەند بکرێن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە مانگی شوباتی 2026 ەوە دەستی پێکردووە و لێکۆڵینەوەکان لە ڕێگەی لێپرسینەوە و کۆکردنەوە و وردبینیکردنی بەڵگەکان بەردەوام بووە تا گەیشتن بە تەواوکردنی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرجەم تۆمەتباران بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانیان.

پڕۆسەی وردبینییەکان، دەریخستووە کە ئەم دۆسیەیە چەکدارانی سەر بە 67 ڕەگەزنامە لەخۆدەگرێت، لەوانە 16 ڕەگەزنامەی عەرەبی، 19 ڕەگەزنامە لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، و 32 ڕەگەزنامەی بیانی دیکە.

 هاوکات ژمارەی عیراقییەکان لەنێو تۆمەتباراندا گەیشتووەتە سێ هەزار و 497  کەس، و ژمارەی سورییەکانیش 474 کەسن.

هەروەها لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، کە  ژمارەیەک چەکدار تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی قورس و نێودەوڵەتی لە دژی پێکهاتەی ئێزدی ، بەجۆرێک شەش تۆمەتبار ڕاستەوخۆ بەرپرس بوون لە بە کەنیزەککردنی کچانی ئێزدی، دەستبەسەرکردنیان، گواستنەوە و فرۆشتنیان.

 لە کۆتایشدا، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق، رایگەیاندووە: لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە 457 دەستگیرکراوی سوری هیچ تۆمەتێکیان بەسەردا ساغ نەبووەتەوە و رێکارەکانی ئازادکردنیان دەستیپێکردووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە