مێسی بە سوپەرهاتریک سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا
1 کاتژمێر پێش ئێستا
40 جار خوێنراوەتەوە
لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی، چوار گۆڵی تۆمارکرد و یانەی ئینتەرمەیامی بەرەو سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر میوانەکەی، یانەی مۆنتریال، بەئەنجامی 7-1 برد، لەو یارییەی لە خولی ئەمریکی ئەنجامدرا. بەمەش یانەکە گەورەترین رێژەی گۆڵی لە یەک یارییدا لە مێژووی خۆیدا تۆمارکرد و بەشێوازێکی ناوازە کۆتایی بە زنجیرە یارییەکانی بەبێ سەرکەوتن هێنا.
لیۆ مێسی لە خولەکی 40 لەڕێگەی لێدانێکی راستەوخۆوە کە بەر یەکێک لە یاریزانەکان کەوت و ئاراستەکەی گۆڕا، دەرگای گۆڵ تۆمارکردنی کردەوە، پێش ئەوەی لە خولەکی 52 دوای بڕینی چەند یاریزانێک بەشێوەیەکی تاکەکەسی، گۆڵی دووەمی خۆی تۆمار بکات.
دوای ئەوەی گۆڵێکی بۆ لویس سوارێزی هاوڕێی دروستکرد، ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە هاتریکەکەی تەواوکرد، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی هونەری تۆپەکەی بەسەر گۆڵپارێزدا ئاودیو کرد، ئەوەش 7 خولەک پێش کۆتاییهاتنی کاتی یاسایی یارییەکە.
لە کاتی زیادکراودا، مێسی لێدانێکی راستەوخۆی دیکەی جێبەجێ کرد و بەو وردەکارییەی کە لێی راهاتووین، تۆپەکەی کردە نێو تۆڕی گۆڵەوە و گۆڵی چوارەمی خۆی تۆمارکرد.
کاسێمیرۆ، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ئینتەرمەیامی، کە لەم یارییەدا یەکەم گۆڵی خۆی بە درێسی ئینتەرمەیامییەوە تۆمارکرد، بە تۆڕی تەلەڤزیۆنی ئەپڵی راگەیاند "مانای هەبوونی مێسی لە تیپەکەدا هەر ئەمەیە. دەبێت چێژ لەم ساتانە وەربگرین، چونکە ئەو کەسایەتی و یاریزانێکە مێژوو دروست دەکات".
یاریزانە بەرازیلییەکەی ئینتەرمەیامی، زیاتر گوتی "ئەمڕۆ بینیمان کە دەبێت چێژ لەمە وەربگرین و بەردەوام بین لە پاڵپشتیکردنی و لەگەڵیدا رکابەری بکەین، چونکە ئەو هێشتا باشترینە. لە مۆندیالیشدا ئەوەی سەلماند. لەگەڵ ئەو، ئێمە زۆر بەهێزترین".
ئەمە هەشتەمین جارە لە مێژووی ئەفسانەیی مێسیدا کە لە یەک یارییدا چوار گۆڵ یان زیاتر تۆمار بکات، و یەکەمجاریشە لەوەتەی پەیوەندی بە ئینتەرمەیامییەوە کردووە.
دواجار کە مێسی چوار گۆڵی لە یەک یارییدا تۆمارکردبێت، لە شوباتی 2020 بوو لەگەڵ بارسێلۆنا بەرامبەر ئیبار لە خولی ئیسپانیا.
هەروەها ئەم یاریزانە تەمەن 39 ساڵە بوو بە خێراترین یاریزان لە مێژووی خولی ئەمریکی MLS کە لە 20 یاریی جیاوازدا لە وەرزی ئاساییدا، دوو گۆڵ یان زیاتر تۆمار بکات، ئەمەشی لە ماوەی 72 یارییدا ئەنجامدا.
لیۆنێل مێسی بە تۆمارکردنی 18 گۆڵ لە تەنیا 19 یارییدا، لە لووتکەی لیستی گۆڵکارانی خولی ئەمریکیدایە لەم وەرزەدا، و بەجیاوازی دوو گۆڵ لە پێش بیتار موسای هێرشبەری ئێف سی دالاسەوەیە.
جیێرمۆ هۆێۆس، راهێنەری کاتیی ئینتەرمەیامی. لەبارەی مێسییەوە گوتی "هیچ وشەیەک نییە وەسفی ئەم جوانییەی تۆپی پێ بکات. ئەوەندە شتی زۆر روودەدەن کە وشەکان دەستەوسانن لە وەسفکردنی".
هەروەها گوتیشی "ئەو بەردەوام بەدوای گۆڵ و ئەم جۆرە یارییە و ئەم جۆرە پاسانەدا دەگەڕێت، پێموانییە یاریزانێکی ئاسایی بێت. شیکردنەوەی کەسایەتی ئەو، چ وەک یاریزان یان وەک مرۆڤ، ئەوەندە قوڵ دەبێتەوە کە وشەت لێ دەبڕێت".
ئەم سەرکەوتنە یەکەم سەرکەوتنی ئینتەرمەیامی بوو لە کێبڕکێیەکانی خولی ئەمریکی لەوەتەی 25ـی تەمموزەوە، و کۆتایی بە زنجیرەی پێنج یاری بێ سەرکەوتن هێنا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا.
|