ئێران: لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوامداین

2   کاتژمێر پێش ئێستا  176 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، رێککەوتنی مەککە نیشانەی گۆڕانکارییە لە تێگەیشتنی وڵاتانی ناوچەکە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆیان لەگەڵ واشنتن نییە و تەنیا ئاڵوگۆڕی پەیام هەیە.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تاران سەبارەت بە رێککەوتنی مەککە لەنێوان سعوودیە، تورکیا و پاکستاندا رایگەیاند: "رێککەوتنی مەککە نیشاندەری گۆڕانکارییە لە تێگەیشتنی وڵاتانی ناوچەکە و دەریدەخات کە وڵاتانی ناوچەکە تێگەیشتوون لەوەی ناتوانن پشت بە بانگەشەی ئەمریکا بۆ دابینکردنی ئاسایش ببەستن."

ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ هۆکارێک نییە بۆ نیگەرانی لەوەی رێککەوتنی مەککە دژی ئێران بێت.

وتیشی: "وڵاتانی دراوسێ نابێت ببنە سەکۆیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئێران"؛ لەبارەی تەنگەی هورمزیش رایگەیاند، تاوەکو گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەردەوام بێت، ناتوانرێت بگوترێت تەنگەی هورمز "دەبێتە رێڕەوێکی ئاویی ئارام."

سەبارەت بە دانوستاندنەکان لەگەڵ واشنتن، ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند: "هیچ جۆرە دانوستاندنێکمان لەگەڵ ئەمریکا نییە، بەڵکو تەنیا ئاڵوگۆڕی پەیاممان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە هەیە."

راشیگەیاند: "ئێستا سەرنجمان لەسەر دانوستاندنەکانە لەگەڵ عومان سەبارەت بە هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، نەوەک دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی تاران بۆ داهاتووی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و هەرێمی کوردستان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند، پەیوەندییەکان و راوێژەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامن.

بەقایی جەختی لەوەکردەوە، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیداین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی سنوورەکانی نێوان هەردوولا بە ئارامی بمێننەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە